بە دیمەن

بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێ لە چەند شارێک شەرمەزار کرا

لە دۆزی کۆبانێدا سەدان ساڵ سزای زیندانی بەسەر سیاسەتمەداران سەپێنرا، ئەم بڕیارە لە چەندین شار بە چالاکی جیاواز شەرمەزار کرا.

شەرمەزارکردنی بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێ

لە دانیشتنی بڕیاری دۆزی کۆبانێ بە پاساوی چالاکییەکان دژی هێرشی داعش لە ٦-٨ ی ٢٠١٤، لەنێویاندا هاوسەرۆکانی گشتی پێشووی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش و ١٨ زیندانیکراو لە کۆی ١٠٨ سیاسەتمەدار دادگایی کران، سەدان ساڵ سزای زیندانیکردن بەسەر سیاسەتمەداران سەپێنرا. بەم بۆنەیەوە لە شارەکانی شەرناخ و ڕحا و ئامەد و سێرت و ئێلح و جولەمێرگ و شارۆچکە و ناوچە جیاجیاکان، بۆ شەرمەزارکردنی بڕیارەکان چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدرا.

پارت و ڕێکخراو و کەسێتییەکان بەشداری چالاکییەکان بوون و درووشمەکان بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی سیاسەتمەدارانی زیندانیکراو و شەرمەزارکردنی بڕیارەکان بەرزکرانەوە.

لە چالاکییەکاندا دووپاتکرایەوە، ئەم بڕیارانە لەلایەن ئاکەپە-مەهەپەوە دراون، لەبری دادگاییکردنی داعش سیاسەتمەدارانی ئازادیخواز و دیموکراتیخواز دادگایی دەکرێن.

هاوکات جەختکرایەوە ئەم بڕیارانە تۆڵەی سەرکەوتنی کۆبانێ و شکستی داعشە، ئەمەش دەریدەخات ئاکەپە و مەهەپە لەگەڵ داعش یەکن. 

هەروەها دووپاتکرایەوە هاوشێوەی بەرخۆدانی سیاسەتمەداران لە زیندان، گەل و ژنان و گەنجان شەقامەکان پڕ دەکەن لە بەرخۆدان و تا ئازادکردنی زیندانیان درێژە بە تێکۆشان دەدەن، بانگەواز لە هەمووان کرا بەشداربن لە تێکۆشان لەپێناو ئازادی و دادپەروەری.

هاوکات لای خۆیەوە، کۆمەڵەی عەلەوییە دیموکراتیکەکان (داد) ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند دۆزی کۆبانێ بە تەواوی دۆزێکی سیاسییە، سزادانی کەسانێکە دژی مردن بەرگری لە ژیان دەکەن و دژی هێزی قڕکەری داعش وەستانەوە، ئەگەر داعش سەرکەوتبا کورد و عەلەوییەکانی کۆمەڵکوژ دەکرد. داوای کرد دەستەبجێ سیاسەتمەداران ئازاد بکرێن.