بڕیاری دۆسیەی کۆبانێ کاردانەوە نێونەتەوەیی لێکەوتەوە: پێویست بە چالاکی بەپەلە ویەکێتی هەیە

لایەنە سیاسییەکان و سیاسەتمەداران بەرامبەر بە سزای سەدان ساڵەی دادگای تورکیا لە دۆسیەی کۆبانێدا کاردانەوەیان نیشاندا و داوای ئازادیی زیندانییەکان وچالاکیی بەپەلە و یەکێتی-یان کرد.

دۆسیەی سیاسی کۆبانی

لایەنە سیاسییەکان، سیاسەتمەداران و نووسەرانی وڵاتانی جیاجیای ئەوروپا و جیهان بەرامبەر بە بڕیارەکانی دۆسیەی سیاسی کۆبانی کە لەلایەن دادگای تورکیاوە ڕاگەیەندرا، کاردانەوەیان نیشاندا.

دوای پەیامی پشتیوانی گروپی چەپی پەرلەمانی ئەوروپا، لە ڕێگەی لاپەڕەی فەرمی خۆیانەوە کە بڵاوکرایەوە: ئێمە ئەم دادگاییکردنە بە سیاسی دەزانین و شەرمەزاری دەکەین و داوای بێتاوانی بۆ هەموو زیندانییەکان دەکەین.

نووسەر ئاندرێس مۆرێنزا: #تورکیا: سزای زیندانی بەسەر دەیان سیاسەتمەداری پارتی لایەنگری کوردان هەدەپە (دەم پارتی ئێستا) سەپێندرا، لەنێویاندا #دەمیرتاش (٤٢ ساڵ) کە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە داوای ئازادکردنی کرابوو. دۆسیەکە زیاتر لە سێ ساڵ بەردەوامە و لەسەر ئەو تاوانانەی کە سزا دراون پێشتر بێتاوان دەرچوون: بەهۆی بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی بێدەنگی حکومەتی تورکیا بەرامبەر بە چەتەکانی داعش کە لە ساڵی ٢٠١٤دا هێرشیان کردە سەر شاری #کۆبانی سزا دراون.

سەوزەکانی ئەوروپا: سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ سزای ٤٢ ساڵ و ٣٠ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢٠دا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کردبوو.

پێویستە هەموو زیندانیانی سیاسی لە #تورکیا ئازاد بکرێن!

نیکۆلا ڤیلیۆمسن جێگری سەرۆکی چەپی ئەوروپا: سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پێشووی هەدەپە سزای ٤٢ ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها ٢٣ ئەندامی باڵای دیکەی دەم پارتی لەم دۆسیە سیاسییەدا سزا دراون، سەرەڕای بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا. پێویستە یەکێتی ئەوروپا بە ئاشکرا، ئەم هێرشە لە دژی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراسی تورکیا شەرمەزار بکات و گوشار بخاتە سەر ئەردۆغان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتننامەی ئەوروپا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و ئەنجومەنی ئەوروپا، هەروەها پێویست بە چالاکی بەپەلە و یەکێتی هەیە!

سیاسەتمەداری سویدی جۆناس شۆستێد: هاوڕێ و هاوکاری پێشووم سەلاحەدین دەمیرتاش سزای زیاتر لە ٤٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە سیاسییە و ئامانجی بێدەنگکردنی چەپەکان و بزووتنەوەی کوردە لە تورکیا. من بۆ ئازادیی سەلاحەدین تێکۆشان دەکەم و لە ڕۆژانی ئازاددا یەک دەبینینەوە.