چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" لە ئیستەنبوڵ: تێکۆشانمان دژی گۆشەگیری بەردەوام دەبێت

پەرلەمانتاری دەم پارتی ئەزمیر، ئیبراهیم ئاکین لە چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" لە ئیستەنبوڵ ڕایگەیاند بە پێداگرییەوە دژی سیاسەتی گۆشەگیری درێژە بە تێکۆشان دەدەن.

چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی"

چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" بە پێشەنگایەتی بنەماڵەی زیندانیان و لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" بەردەوامە. هاوشێوەی هەموو هەفتەیەک بنەماڵەی زیندانیان دەیانویست لە بەردەم زیندانی ژنانی باکرکۆی لە ئیستەنبوڵ چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" ئەنجام بدەن. لە چالاکییەکەدا پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەزمیر ئیبراهیم ئاکین و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان کرد. لە چالاکییەکەدا پانکارتی "بۆ ئاشتی جڤاکی و شکاندنی گۆشەگیری دەنگت بخەپاڵ ئازادی" هەڵگیرا و بەشداران یەلەکیان بە نووسینی "ڕێپێوانی ئازادی" پۆشی.

لەبەرئەوەی پۆلیس ڕێگەی نەدا چالاکییەکە لەبەردەم زیندان ئەنجام بدرێت، بنەماڵەکان لە باخچەی نەخۆشخانەی پەروەردە و لێکۆڵینەوەی دکتۆر سەعدی کۆنوکی باکرکۆی ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.

پەرلەمانتار ئیبراهیم ئاکین تیشکی خستەسەر گرنگیی چالاکییەکە، گوتی: :دەیان هەڤاڵمان لە زیندان بەرخۆدان دەکەن. بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری و بەدیهێنانی ئازادی و ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیا، ئەم چالاکییە گرنگە. چونکە سیاسەتی گۆشەگیری نەوەک هەر لەسەر زیندانیانی سیاسی، بەڵکو بەسەر تەواوی وڵات سەپێنراوە. تێکۆشانمان دژی گۆشەگیری لە هەموو گۆڕەپانێک بەردەوام دەبێت. زیهنیەتی گۆشەگیری هەموو مافەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و سیستەمی دەستوور پێشێل دەکات. دژی ئەمەش لە پەرلەمان و لێرەش تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت".

پاشان ٥ خولەک چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا. درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "زیندانیانی سیاسی شکۆی ئێمەن" و "سڵاو، سڵاو هەزار سڵاو" و "لە ناوەوە و لە دەرەوە، گۆشەگیری پارچە پارچە بکە" بەرزکرایەوە.

چالاکییەکە بە چەپڵە کۆتایی هات.