خزمی زیندانیان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پارتە سیاسییەکان لە چوارچێوەی چالاکی "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن" لە چەند شارێک لەبەردەم بینای ئاکەپە چالاکیان ئەنجامدا، لە چەند شارێک سەرەڕای ئاستەنگەکان خزمی زیندانیان داخوازییەکانیان دەربڕی.
مێردین
لە مێردین بە داخوازی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لەبەردەم بینای ئاکەپە چالاکی "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن" ئەنجامدرا. بەشداران درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ماف، یاسا، دادپەروەری"یان بەرزکردەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی مێردین، مەهدی تونچ لەسەر ناوی جەماوەر قسەی کرد و گۆشەگیری وەک تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی ناوبرد، گۆشەگیری ئیمراڵی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند پێویستە داخوازی دایکان قبووڵ بکرێت، گوتی: "ئەگەر گۆشەگیری سەر زیندانیان هەڵبگیرێت، وڵاتەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوین هەناسەیەک هەڵدەمژن. با ئاکەپە و مەهەپە گوێبیست بن، ڕێگەی ئازادی و ئارامی و دیموکراسی و ئاشتی، لە ئیمراڵییە. ئەم ڕەوشە کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکات. هۆکاری هەموو خراپییەکان، سیاسەتی گۆشەگیرییە. بۆیە پێویستە دەمودەست پرسی کورد چارەسەر بکرێت و دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە".
دایکی ئاشتی بەسنا گونای داوای لە وەزارەتی داد کرد کۆتایی بە ستەم بهێنێت و دەرگاکانی زیندان بکەنەوە.
پاشان ٥ خولەک چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا، دواتر بە درووشم و چەپڵە ڕاگەیاندراوەکە کۆتایی هات.
وان
جەماوەر ویستیان لەبەردەم بینای ئاکەپە ڕاگەیاندراو بخوێننەوە، بەڵام پۆلیس ڕێگەی گرت، بۆیە لەبەردەم بینای دەم پارتی لە ڕێگەی ئاوریشم ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، ڕێکخراوەکان و پارتە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران و ژنان و گەنجان بەشداربوون.
هاوسەرۆکی دەبەپەی وان، هارون ئۆکای ڕایگەیاند ئەگەر گۆشەگیری کۆتایی نەیەت، کێشەکانی ئێستە مەزنتر دەبن، گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٦ ـەوە، گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان گەیشتە قۆناغێکی نوێ. تا گۆشەگیری سەختتر بێت، لە دیموکراسی و دیموکراتیکبوون دوورتر دەکەونەوە، تێگەی یاسا و دادپەروەری لەناودەبەن. بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاژاوەی ناوچەکە، دەمودەست گۆشەگیری ڕەهای بەڕێز ئۆجالان کۆتایی پێ بهێنن".
پەرلەمانتار مەحمود دیندار گوتی: "بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن و چارەسەری کێشەکان، پێویستە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان کۆتایی بێت".
ڕاگەیاندراوەکە پاش چالاکی دانیشتنی ٥ خولەکی، کۆتایی هات.
ئەدەنە
لە ئەدەنە ڕێگە نەدرا ڕاگەیاندراو لەبەردەم بینای ئاکەپە بخوێنرێتەوە. هاوکات پۆلیس لەکاتی چالاکییەکەدا دەوروبەری بینای دەم پارتیان گرت و ڕێگەی چوونە ژوورەوە و دەرچوونیان گرت.
بەڕێوەبەری دەم پارتی یاشار دەمیر ڕایگەیاند بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری ئیمراڵی چالاکی دەکەن و دووپاتی کردەوە، چارەسەری کێشەکان و بەدیهاتنی ئاشتی هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە.
پاشان چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا و درووشـمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" ئەنجامدرا.
مێرسین
لە نزیک بینای ئاکەپەی مێرسین چالاکی ئەنجامدرا و درووشمەکان بەرزکرانەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە ڕەشاد ئاشان گوتی: "پێویستە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و هەموو کێشەکانی وڵاتەکە، دەمودەست گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت".
چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.