دێ سانکتیز: ئێمە خاوەن ئەو مێژووەین کە تەوژمی رەشی فاشیستی لە سەر ئەوروپا رابماڵین

سکرتێری ئەی ئێن پی ئای فابریزیۆ دێ سانکتیز رایگەیاند، "یەکێتییەکی ئەوروپا کە پشت بە دیموکراسی ومافەکانی مرۆڤ بسپێرێت بوونی نییە، بەڵکوو پشتئەستورە بە ئابوری، سەرباری هەموو شتێک بۆ راماڵینی ئەو تەوژمە رەشە مێژوویەکی تێکۆشانی دژە فاشیستیمان هەیە".

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە نێوان ٦-٩ی حوزەیراندا لە زۆر وڵاتی ئەوروپا پارتە راستگرە توندڕەوەکان پشتیوانی زۆریان بەدەستهێنا. هەرچەندە پارتی گەلی ئەوروپا کە بە گوێرەی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن وەک پارتیەکی راستگری ناوەندی پێگەی خۆی دەپاڕێزێت، بەڵام سەرکەوتنی بەرچاوی راستگرە توندڕەوەکان لە وڵاتانی وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتالیا نیگەرانی لەبارەی ئایندەی یەکێتی ئەوروپا سازکردووە.

'سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا بووەتە مایەی بەهێزبوونی راستگرە توندڕەوەکان'

لەبارەی ئەو بابەتەوە سکرتێری گشتی کۆمەڵەی نیشتمانی پارتیزانی ئیتالیا (ئەی ئێن پی ئای) فابریزیۆ دی سانکتیز قسەی کرد و بەهێزبوونی راستگرە توندڕەوەکانی بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندەوە و وتی: "یەکەم هۆکار ئەوەیە کە لە ئەوروپا تا دێت هەلومەرجی ژیان سەختتر و دژوارتر دەبێت. حکومەت بە شێوەیەکی ئاسایی قورسایی هەڵبژاردن لە دەست دەدات و راستگرە توندڕەوەکان بە گشتی لەلایەن بەرهەڵستکارەکان پێکدێن، دەنگی نوێ بەدەست دەهێنن. پارتە راستگرە توندڕەوەکان جگە لە پورتوگال، دانیمارگ، فینلەندا و سوید بەهێز دەبن. بەتایبەتی لە فەرەنسا روولەهەڵکشانن. کێشەی سەرەکی لە ئیتالیا و فەرەنسایە. لە ئەڵمانیا ئەگەرچی بەو رادەیە دەنگیان زیادی نەکردبێت، بەڵام دوای سۆسیال دیموکراتەکان بوونە دووەم حزب.

دووەم هۆکار، ئێمە بیردەکەینەوە کە سیاسەتەکانی ناتۆ لە سەر ئەوروپا کاریگەری بەسەر ئەم دۆخەوە هەیە.  کاتێک بابەتەکە ئایندەی یەکێتی ئەوروپایە، ناتۆ دەبێتە لەمپەرێکی گەورە. لەبەر ئەوەی ناتۆ یەکێتی ئەوروپا ناچار دەکات لەسەدا ٢ی داهاتی خۆی بۆ بواری چەک و سەربازی تەرخان بکات. بۆ نمونە ئەوە بۆ ئیتالیا ژمارە و بڕێکی زۆرە. ئەمەش بارگرنیەکی زۆرە و پێشبینی کراوە کە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەو بارگرانیە ببێتە مایەی پێکدادانی کۆمەڵایەتی لە ئیتالیا. ئەو دۆخە لە ئەڵمانیاش دەرەنجامی دژواری بەدواوە بووە، کە تیایدا پارتی سۆسیال دیموکرات چەندین ملیار دۆلاری بۆ بواری کرینی چەک تەرخان کردووە.

هەموو ئەمانە بۆ ئایندەی ئەوروپا گۆڕانکاری مەترسیدارن. لە پاراستنی ژینگە زیاتر، چەک هەیە. ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەندێکی دیکە ئەوروپا بەرەو راستگەری دەبات. هەڵبژاردنی پێشوەختەی فەرەنسا واتایەکی گەورەی هەیە. پێشبینی دەکرێت کە لە دوای ئەو هەڵبژاردنانەوە گۆڕانکاری گەورە بێتە ئاراوە.

'راستگرە توندڕەوەکان سوود لە ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکان وەردەگرن'

فابریزیۆ دی سانکتیز ئەوەی خستەڕوو کە راستگرە توندڕەوەکان لە سەر نیگەرانی و ناڕەزایەتیەکان ناو کۆمەڵگا دەژین و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "دیسان هەڵە نییە کە مرۆڤ بڵێت ئەوروپا بە سیاسەتەکانی خۆی هاوکاری بەهێزبوونی راستگرە توندڕەوەکان دەکات. هەموو سیاسەتەکانی باج و سیاسی لیبراڵی، دەریدەخات کە هەموو ئەو بەهایانەی دوای شەڕی جیهانی دووەم هاتوونەئاراوە، واتە تێکۆشانی گەلان لە دژی فاشیزم و فاشیزمی نازی و بەڵێنەکانی سەفەربەری لە پێناو هەموو گەل و دۆستایەتی نێوان نەتەوەکان لەبیرکراون.

ئێستا ئێمە بە تایبەتی لە باشووری ئیتالیا، لە ئیسپانیا و زۆر وڵاتی دیکە رووبەرووی دۆخێکی گەورەی بێکاری بووینەوە. لە فەرەنسا و ئەڵمانیاش کێشەی گەورەی ئابووری بوونی هەیە. بەو جۆرە دەردەکەوێت کە ئەوروپا بە سیاسەتی شەڕ و پڕچەککردن لەپێناو بەرژەونەدی دەستەبژێران خۆی رێکخستووە. وەک لە ئیتالیا دەیبینین، ئاشکرایە کە ئەو دۆخە دژوارەی بۆ ژیانی رۆژانە ئافراندوویانە رێگە بۆ راستگرە توندڕەوەکان خۆش دەکات کە سودی لێوەربگرن. بەڵام نابێت لەبیربکرێت کە راستگرە توندڕەوەکان ناتوانن کێشەکانی دامەزراندن، پەروەردە و تەندروستی چارەسەر بکەن.

'خاوەنی مێژوویەکین کە دەتوانین ئەم دۆخە بگۆڕین'

فابریزیۆ دی سانکتێز باسی لەوەکرد کە ئەوان خاوەن کەرستە و مێژوویەکن کە ئەو مەیل و تەوژمە رەشە لەسەر ئەوروپا رابماڵن و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا، "نیوەی دەنگدەران لە ئەوروپا دەنگیان نەداوە. ئەو دۆخێکی جێگەی نیگەرانیە. لە ئیتالیا بۆ یەکەم جارە نزیکەی نیوەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە دەنگیان نەداوە، ئەمەش بێ متمانەیی بەرامبەر بە سیاسەت نیشان دەدات.

بەو جۆرە دیارە کە دامەزراوەکان زۆر لە گەلەوە دوورن. ئێمە دەنگ بدەین بە پەرلەمان بەڵام پەرلەمان بە بێ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا یاسا داناڕێژێت. لە ئەوروپا ئەوەی سیاسەت بەڕێوەدەبات ئەنجومەنی ئەوروپایە، ئەوێش زۆر دیموکراتیک نییە. بەڵام ئەمڕۆ بێگومان دەرفەرتی ئەوەمان هەیە کە سەرلەنوێ ببینەوە خاوەن چاودێری، سەرلەنوێ سیاسەتی دژە-فاشیزم و خۆشگوزەرانی گەلان دەستپێبکەیەنەوە، لەگەڵ گەلانی بندەست یەکگرتنێکی راستەقینە ساز بکەین.

'دەبێت ئەوروپا نەک هەر سیاسەتی ناوخۆیی بەڵکوو سیاسەتی دەرەوەشی بگۆڕێت'

بەتایبەتی بیر لە گەلی کورد دەکەمەوە. دەبێت لەسەر دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان کە بووەتە هێما، گوشارێکی توند بکرێتە سەر تورکیا. ئەمڕۆ ئێمە نازانین بەڕێز ئۆجالان دەژیت یان نا. چەندین ساڵە بنەماڵە و پاڕێزەرانی نەبینیوە، ئەوەش ئەشکەنجەیەکی گەردونیە کە ئێمە ناتوانین بەرامبەر بێدەنگ بین. بۆ ئەوەی زانیاری لە بارەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەستبهێنرێت و بتوانێت مافە مرۆییەکانی خۆی بەکاربهێنێت، ئێمە درێژە بە تێکۆشان دەدەین. ئەوروپا نەک هەر سیاسەتی ناوخۆیی خۆی، بەڵکوو دەبێت سیاسەتی نێونەتەوەییش لە رێگەی هاوکاریکردنی بزوتنەوەکانی ئازادی و ئەو گەلانەی لەلایەن رژێمە دیکتاتۆرەکانەوە دەچەوسێندرێنەوە، بگۆڕێت. بە دڵنیاییەوە ئەوروپا پێویستی بە گۆڕانکارییە".

سبەینێ: گۆشەگیری لە ئیمراڵی

هـ . ب