چالاکوانی میسری د.سەحەر حەسەن ئەحمەد سەبارەت بە گۆشەگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
د. سەحەر حەسەن ئەحمەد سەرەتا ئاماژەی بە کاریگەری عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کرد و وتی، "ئۆجالان یەک لە کاریگەرترین رێبەرانە. دەنگی کوردە و بەرهەمەکانی رۆدەچنە قووڵایی مێژووی کولتوری و سیاسی گەلی کورد. ئۆجالان هاوشێوەی 'کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک' مۆدێلەکانی جێگرەوەی دەوڵەتی نەریتی وەک تیۆریەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاواز پێشکەش کرد. لە رێگەی ئەو تیۆریانەوە دەیەوێت کۆمەڵگەیەک کە پشت بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی کولتورە جیاجیاکان، دیموکراسی راستەوخۆ دەبەستێت، بونیادبنێت. ئۆجالان رەخنە لە سیستمی جیهانی دەگرێت کە لە سەر بنەمای سەرمایەداری، کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم دامەزراوە، بۆ هێنانەدی یەکسانی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری ئەڵترناتیڤ دەخاتەڕوو. بەرهەمەکان پشت بە ئەزمونێکی درێژخایەنی کەسیی تێکۆشانی سەربازی و سیاسی دەبەستن. ئەو ئەزمونە پەیوەست بە دژواری و تەنگوچەڵەمەکان زانیاری بە نرخ پێشکەش دەکات. بەرهەمەکانی بابەتەکانی دادپەروەری کولتوری کۆمەڵایەتی دەخاتەڕوو، گرنگی بەهێزکردنی ژنان و مسۆگەرکردنی یەکسانی رەگەزیی کۆمەڵایەتی دەستنیشان دەکات. لەبەر ئەوەش خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ئۆجالان پەیوەست بە راستی کوردسان، سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بۆ ئافراندنی تیۆری جێگرەوە یارمەتیدەر دەبێت، هەروەها بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە شێویەەکی رەخنەیی لە سیستمی ئێستای جیهانی بڕوانن دەبێتە سەرچاوەیەکی راڤە و لێکۆڵینەوەی گرنگە".
د. سەحەر حەسەن ئەحمەد سەبارەت بە گۆشەگیری دژوار لە ئیمراڵیش وتی، "ئەوەی تورکیا دەیکات دەرخەری سیاسەتی چەپەڵ و ستەمکارانی ئەو دەوڵەتەیە. ئەو رژێمە نەک هەر تەنیا گۆشەگیری جەستەییە، لە هەمان کاتدا هەوڵدانێکی سیستماتیکە بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی ئەندێشە و ناسنامەی تێکۆشانی کوردان. لە رووی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیەوە ئەو سیستمە لە زۆر لایەنەوە دەتوانرێت لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت. لە دژی مرۆڤایەتیە و پێشێلکردنی شکۆمەندیە. رژێمی قڕکردن لە ئیمراڵی نمونەیەکی بنپێکردنی شکۆمەندی مرۆڤەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. ئامانجی سیستم ئەوەیە کە مرۆڤەکان لە مافەکانی وەک ناسنامە، کولتوری و سیاسی بێبەش بکات. رژێمەکە بە ستەمکردن لە رێبەرانی وەک ئۆجالان دەیەوێت بزوتنەوەکانی ئازادی و رۆحی هەرەوەزی و پێکەوەیی لەناوبباتت. سەرباری هەلومەرجی دژواریش ئۆجالان و ئەوانەی لەگەڵیدان لە زیندان خۆڕاگری دەکەن، ئەوەش نرخێکی زۆر گەورەی مەعنەوی نیشان دەدات".
د. سەحەر حەسەن ئەحمەد باسی لەوەکرد کە هەبوونی رژێمێکی ستەمکار لە ئیمراڵی بە واتای لاوازکردنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و ئازادیخوازەکانە لە هەرێمەکە و وتی، "هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری ئاستەنگ دەکات. بەهاکانی ئازادی، دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ لە تەواوی جیهان دەبێت پەرەیان پێبدرێت و بچەسپێندرێن. پێشێلکردنی ئەو بەهایانە لە شوێنێک بڕواهێنان بەوانە لە ئاستی نێونەتەوەیی لاواز دەکات".
هـ . ب