دایکانی ئاشتی بەبۆنەی ڕۆژی دایکانەوە سەردانی ئەمینە شەنیاشاریان کرد

دایکانی ئاشتی بەبۆنەی ڕۆژی دایکانەوە سەردانی ئەمینە شەنیاشاریان کرد و گوتیان: "دایکە ئەمینە هەوڵی دادپەروەرییە لەم وڵاتە".

ئێشکگری دادپەروەری ئەمینە شەنیاشار کە هاوژین و دوو کوڕی لە ١٤ ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پیرسوسی ڕحا لەلایەن پاسەوان و خزمانی پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە ئیبراهیم خەلیل یەڵدزەوە کوژران، ١٠١ ڕۆژە بەردەوامە.

دایکانی ئاشتی لە مێرسین و ئەدەنەوە هاتن و ویستیان ڕۆژی دایکان لە ئەمینە شەنیاشار پیرۆز بکەن. بەڵام ڕووبەڕووی گەمارۆی پۆلیس بوونەوە و پۆلیس ڕێگەی نەدا دایکان سەردانی ئەمینە شەنیاشار بکەن. پاشان دایکان لە شەقامی بوکلومەوە هاتنە بەردەم بینای ناوەندی گشتی دەم پارتی و لەوێ چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا.

دایکان دووپاتیان کردەوە تا ئەمینە شەنیاشار نەبینن، شوێنەکە جێناهێڵن، ماوەیەکی زۆر چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا. دواتر ئەمینە شەنیاشار هاتە لای دایکانی ئاشتی، دایکان بە گوڵ و درووشمی "ماف، یاسا، دادپەروەری" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" پێشوازیان لێ کرد.  

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان، پەرلەمانتاری دەم پارتی ئامەد سەڤیلای چەلەنک و پەرلەمانتاری دەم پارتی ئیدر یەڵماز هون لەگەڵ دایکان بوون.

پاشان ئەمینە شەنیاشار لەبەردەم ناوەندی گشتی دەم پارتی ڕاگەیاندراوی خوێندەوە، ڕایگەیاند ٦ ساڵە داوای دادپەروەری دەکات بەڵام ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەسەڵات بۆتەوە، گوتی: "ئەوانەی ئەم ستەمەمان لێ دەکەن، هەوڵ دەدەن کوڕەکەم لە گۆشەی تاکەکەسی بکوژن".

دایکی ئاشتی ڕەفیقە ئاکین لەسەر ناوی دەسپێشخەریی دایکانی ئاشتی ئەدەنە ڕایگەیاند ئەمینە شەنیاشار تەنها نییە و هەمیشە پشتیوانی دەبن، ئاستەنگ و گەمارۆی پۆلیسی شەرمەزار کرد و گوتی: "ئەمینە شەنیاشار هەوڵی دادپەروەری ئەم وڵاتەیە، نوێنەرایەتی هەموومان دەکات. ئێمە لە هیچ کات و شوێنێک دایکە ئەمینە بە تەنها جێناهێڵین".