لیژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) دەربارەی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی میکس ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بانگەوازی کرد دژی دەستبەسەراگرتن خاوەنداری لە ئیرادە بکرێت.
دەبەپە ناڕەزایەتی بەرامبەر دەستبەسەراگرتنی شارەوانی میکس دەردەبڕێت و دەڵێت: " باش دەزانین کە پێداگری لەسەر سیاسەتی قەیوم نیشانەی دوژمنایەتی گەلی کوردە. دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە بەم پێداگرییە هەوڵدەدات گەلی کورد بێ ئیرادە و تەسلیم بکات. بەڵام هەرچی بکەن، گەلی کورد بەرامبەر سیاسەتی کودەتا چۆک دانادات. دژی کودەتای قەیوم تێکۆشانی دیموکراتیک بەردەوام دەکات و لەم چوارچێوەیەدا بانگەواز لە تەواوی گەلەکەمان دەکەین خاوەنداری لە ئیرادەیان بکەن".
هاوسەرۆکانی گشتی دەبەپە چیدەم کلچگون ئوچار و کەسکین بایندەر لەسەر هەژماری خۆیان لە میدیای دیجیتاڵ ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.
چیدەم کلچگون ئوچار گوتی: "دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەل بەردەوامە. لە ناوچەی میکس دیسانەوە ئیرادەی گەل پشتگوێ خرا. ئێمە هەرگیز بەرامبەر زیهنیەتی کودەتاچی چۆک دانادەین".
کەسکین بایندەر ڕایگەیاند دەسەڵات بە سیاسەتی قەیوم بەها دیموکراسییەکان دەکاتە ئامانج، دوژمنایەتی گەلی کورد بناغەی سیاسەتی قەیومە، گوتی: "ئامانجی سیاسەتی قەیوم ئەوەیە ئیرادەی گەلی کورد تەسلیم بکەن. بەڵام بە داگیرکردنی شارەوانییەکان ئەم ئیرادەیە ناشکێت. ئەوەمان بیر نەچێت، ئەوەی کۆتایی بە سیاسەتی کودەتاچی دەهێنێت، ئیرادەی گەلی کوردە".