دەفەگە و مەکەگە: پێکەوە تێدەکۆشین
ڕۆژنامەوانان بڕیاری سزای زیندانیکردنی سەر ڕۆژنامەوانانیان شەرمەزار کرد و گوتیان: "هەردەم ڕاستی دەگەیەنین بە گوێی هەمووان، پێکەوە تێدەکۆشین".
ڕۆژنامەوانان بڕیاری سزای زیندانیکردنی سەر ڕۆژنامەوانانیان شەرمەزار کرد و گوتیان: "هەردەم ڕاستی دەگەیەنین بە گوێی هەمووان، پێکەوە تێدەکۆشین".
کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە و فورات (دەفەگە) و کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی ژنی میزۆپۆتامیا (مەکەگە) دەربارەی سزای زیندانیکردنی ٨ ڕۆژنامەوان کە کارمەندی ژن نیوز و ئاژانسی میزۆپۆتامیشی تێدایە و هەریەکیان ٦ ساڵ و ٣ مانگ سزادراون، ڕاگەیاندراوی هاوبەشیان خوێندەوە. لە ڕاگەیاندراوەکە پانکارتی "چاپەمەنی ئازاد بێدەنگ ناکرێت" و "ئازادی بۆ ڕۆژنامەوانان" هەڵگیرا، نوێنەری سەندیکای ڕۆژنامەوانانی تورکیا (تەگەشە) ئەحمەد مەحمود و چەندین ڕۆژنامەوان بەشداربوون.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بە زمانی کوردی لەلایەن ڕۆزا مەتینا و بە زمانی تورکی لەلایەن هاوسەرۆکی دەفەگە دیجلە موفتئۆغلو خوێنرایەوە.
ڕۆزا مەتینا تیشکی خستەسەر سەر بەردەوامی فشار و دەستبەسەرکردن و دەستدرێژی دادوەریی دژی ڕۆژنامەوانان، دووپاتکرایەوە دەسەڵات بەتایبەت دەیەوێت ڕۆژنامەوانانی کورد لەڕێگەی دادگاوە گەمارۆ بدات و ڕێگە لە کارکردنیان بگرێت. ئاماژە بەوە کرا، لە ٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ تا ئێستە لانی کەم ٣٤ ڕۆژنامەوان بەهۆی کارەکانیانەوە دەستگیرکراون، بەشێوەیەکی ناهەق ڕۆژنامەوانان خراونەتە کونجی زیندان.
دیجلە موفتئۆغلو ڕایگەیاند ئەوە ٣٠ ساڵە وەک ڕۆژنامەوانانی کورد بەرامبەر بۆردوومان و کوشتن و گرتن دەستمان لە نووسینی ڕاستی هەڵنەگرتووە، بەرامبەر ئەم بڕیارەش پاشەکشە ناکەین، گوتی: "لەنێو هەموو هەلومەرجێکدا درێژە بە نووسینی ڕاستی دەدەین. بانگەواز لە هەموو ڕێکخراوە پیشەییەکان و ڕۆژنامەوانان دەکەین دژی ئەم بڕیارەی دادگا کە ڕۆژنامەوانان تاوانبار دەکات، هەڵوێست بنوێنن. پێکەوە شکۆی ڕۆژنامەوانی دەپارێزین و پێکەوە تێدەکۆشین".
پاشان نوێنەری تەگەشەی ئامەد ئەحمەد مەحمود و ڕۆژنامەوان حەقی بۆڵتان قسەیان کرد، دووپاتیان کردەوە سزاکان ناتوانن ڕێگە لە خەباتی ڕۆژنامەوانی بگرن.
ڕاگەیاندراوەکە بە بەرزکردنەوە درووشم کۆتایی هات.