دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان پەیوەست بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە و هێرشە قڕکارییەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر ئیکۆلۆژیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی قوربانیانی ئاگرکەوتنەوە دەربڕاوە و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران خوازراوە و دەڵێت: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک نەک بەتەنها لە هەوڵی قڕکردنی زمان و چاندمانە، بەڵکو لە هەمانکاتدا بەردەوامە لە قڕکردنی سروشتی کوردستانیش. لە کوردستاندا کارەساتی سروشتی نیە، بەڵکو کارەساتی بنەڕەتی بوونی دەوڵەتی تورک و کارەکانێتی. بڕینی دارستانەکان و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەسەر خاکەکەمان کاری هەمیشەی دەوڵەتی تورکە. بە بۆردومانکردنی چیا و گوندەکان سروشتمان تاڵان دەکات. ئەمەش سیاسەتێکی مەبەستداری دەوڵەتی تورکە."
دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان بانگەوازی لە گەلی کورد کرد هەڵوێستی لەبەرامبەر تاڵانکارییەکانی دەوڵەتی تورک زیاتر بکات و وتی: "دەوڵەتی تورک بە هیچ شێوەیەک لە ڕووداوەکەدا هاوکاری زیان لێکەوتوانی نەکرد. ئاگرکەوتنەوە لە کوردستان هەوڵدانێکە بۆ لە ناوبردنی سروشتی کوردستان."
لە کۆتایدا دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان دەڵێت: "پێویستە گەلەکەمان لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکدا یەکگرتووبێت و هەڵوێستی بەهێز پیشان بدات. پێویستە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە کوردستاند بێدەنگ نەبین."