دی سانکتێز: لە دژی گۆشەگیری تێکۆشانێکی نێونەتەوەیی پێویستە

سکرتێری گشتیی ئەی ئێن پی ئای فابریزیۆ دی سانکتێز رایگەیاند، کە گۆشەگیری لە ئیمراڵی نزیکایەتیەکی فاشیستی و تیرۆریستیە و وتی، "لە دژی هەلومەرجی عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان دەبێت تێکۆشانێکی نێونەتەوەیی بەڕێوەببرێت".

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی لە ناو هەلومەرجی دژواری گۆشەگیریدا راگیراوە و ٣٩ مانگیشە بەهیچ جۆرێک هەواڵ و زانیاری لەبارەیەوە بەردەست نییە. دەوڵەتی تورک کە لەئیمراڵی رژێمێکی گۆشەگیری تایبەتی دامەزراندووە، هەم یاسای ناوخۆیی وڵاتەکەی و هەمیش رژێمی یاسای نێونەتەوەیی پێشێل دەکات و یاسای دوژمنکارانە بەسەر ئۆجالاندا دەسەپێنێت. هەلومەرجێک کە عەبدوڵا ئۆجالان تیایدا زیندانی کراوە، لە ناو گەلی کورد و لەسەر ئاستی نێونەتەوەییش ناڕەزایەتی زری بەدوای خۆیدا هێناوە.

سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی پارتیزانانی ئیتالیایی (ئای ئێن پی ئای) فاریزیۆ و دی سانکتێز لەبارەی پرسی گۆشەگیری لە ئیمراڵی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

'گۆشەگیری شێوەیەکە لە گوشاری فاشیستی'

دی سانکتێز ئەوەی خستەڕوو کە هەلومەرجی زیندانیکردنی عەبدوڵا ئۆجالان هەرگیز مایەی قەبوڵکردن نییە و وتی، "ئەم گۆشەگیریە شێوەیەکە لە گوشاری فاشیستی و تیرۆریستی. عەبدوڵا ئۆجالان سەرکردەیەکە کە ملیۆنان مرۆڤ خۆشیان دەوێت. ساڵی رابردوو لە ئامەد بووم دەرفەتم بۆ رەخسا کە لە گەڵ زۆر کەس و رێکخراو و کۆمەڵە دیدار ئەنجام بدەم. هەر کەس دەیوت، زیندانی کردنی ئۆجالان بە واتای زیندانیکردنی تەواوی گەلی کوردە. درک بەوە دەکرێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئێوە ئەمە بەرامبەر بە سەرکردەی گەلی کورد بکەن، ئایا چی بە سەر گەلی کورددا ناهێنن؟ هاوکات لەگەڵ گۆشەگیری گوشارێکی توندیش خراوەتە سەر گەلی کورد، دەکوژرێن. دەبێت هەموو ئەمانە بە زمانێکی روون شەرمەزار بکرێن. نابێت ئێمە کردەوەکانی ئیمراڵی و ئەوانەی بەرامبەر بە گەلی کورد دەکرێن قەبوڵ بکەین یاخود چاویان بە روودا بنوقێنین. بەهۆی هەموو ئەمانەوە دەبێت لێپێچینەوە لە تورکیا بکرێت".

'نابێت سی پی تی لە بەرامبەر دۆخی مەترسیداری ئیمراڵی بێدەنگ بێت'

سەرۆکی گشتیی ئەی ئێن پی ئای دی سانکتێز ئەوەی خستەڕوو کە وەک ئەی ئێن پی ئای ئەوانیش نامەیان بۆ کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا (سی پی تی) ناردووە، داوایان لێکردوون لە بەرامبەر هەلومەرجی عەبدوڵا ئۆجالاندا هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ. و باسی لەوەشکرد، "وەک زۆر دامەزراوە ئێمەش نامەمان بۆ سەرۆکی سی پی تی نارد. سی پی تی وەڵامی دایەوە کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن. لە وەڵامەکەدا راگەیەندرا کە کۆمیتەکە ساڵی ٢٠٢٢ سەردانی زیندانی ئیمراڵی کردووە و بۆ ئەوەی هەلومەرجی عەبدوڵا ئۆجالان بگۆڕدرێت درێژە بە گوشارەکانیان دەدەن.

ئێمەش بەردەوام دەبین تا زانیاری لە سی پی تی وەربگرین، لەبەر ئەوەی سی پی تی لە زۆر بواردا کاردەکات، بەڵام هەڵوێستەکەی بەرامبەر عەبدوڵا ئۆجالان و سێ زیندانیەکەی دیکەی ئیمراڵی مایەی قەبوڵکردن نییە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەوێ ناتوانێت باس لە بوونی مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی و ئازادی بکات. لە دورگەی ئیمراڵی دۆخێکی مەترسیدار هەیە و ئەمەش هەرگیز مایەی قەبوڵکردن نییە".

'گۆشەگیری پرسێکی نێونەتەوەییە کە پێویستی بە تێکۆشانە'

دی سانکتیز باسی لەوەکرد کە دەبێت یەکێتی ئەوروپا و دامەزراوەکانی لە بەرامبەر گۆشەگیری لە ئیمراڵی بێدەنگ نەبن و سیاسەتەکانیان بەرامبەر بە تورکیا بگۆرن و وتی، "لە پرسی دۆخی عەبدوڵا ئۆجالاندا کە بووەتە هێمایەک، دەبێت ئێمە گوشارێکی راستەقینە لە تورکیا بکەین. ئێمە نازانین بەڕێز ئۆجالان زیندووە یان نا. چەندین ساڵە ناتوانێت بنەماڵە یاخود پارێزەرانی خۆی ببینێت، ئەمە ئابڕوچوونێکی نێونەتەوەییە کە ناکرێت بەرامبەر بەوە بێدەنگ بین. ئەوروپا دەبێت پشتیوانی لە بزوتنەوەی ئازادی مافی بندەستان بکات و بەم جۆرە سیاسەتی نێونەتەوەیی خۆی بگۆڕێت".

'سات و سەودای چەپەڵ وادەکات کە ئەوروپا بەرامبەر بە تورکیا بێدەنگ بێت'

دی سانکتێز رایگەیاند کە بەهۆی بەرژەوەندییە ئابوری و جیۆپۆلیتیەکانەوە ئەوروپا لە بەرامبەر پێشێلکارییە نایاساییەکان لە ئیمراڵی هەڵوێستێکی بێدەنگی گرتووەتەبەر و وتی، "لەبارەی کۆچبەرانەوە رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا کردووە، ئەمەش وادەکات ئەوروپا لەبەرامبەر دۆخی ناوخۆی تورکیا بێدەنگ بێت. واتە ئەوەی تورکیا بۆ ئەوروپای دەکات بە راستیش کارێکی چەپەڵە. جگەلەوەش رێککەوتنی سەربازی لەگەڵ تورکیا هەیە. کاربەدەستانی ئێستای یەکێتی ئەوروپا زیاتر لە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ گرنگی بە بەرژەوەندییەکان دەدەن".

'دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت' فابریزیۆ دی سانکتێز ئاماژەی بە گرنگی پاڕادایمی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی، "بەڕێز ئۆجالان بیرمەندێکی زۆر گرنگە. وتەکانی لەبارەی یەکسانی ژن و پیاو، هەوڵ و تێکۆشان لە دژی دەوڵەت، ئەندێشە سیاسیەکانی زۆر گرنگن. بەڵام تا زیندانی بێت ئەو ناتوانێت بە تەواوەتی گوزارشت لە ئەندێشەکانی بکات. بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بیرمەندێکی گەورە لە دەست نەدات دەبێت ئازاد بکرێت. دەبێت ئازاد بکرێت؛ لەبەر ئەوەی کردەوەکانی بەرامبەر ئەو تاوان لە دژی مرۆڤایەتین، تاوانی سیاسین. لەگەڵ ئەودا دەیانەوێت ئەندێشەکانیشی بە دیلی بهێڵرێنەوە. هەربۆیە دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت. ئەندێشەکانی ئازاد بکرێن، دەبێت بە شێوەیەکی ئازاد بتوانێت بەشداری لە گفتوگۆ جەماوەریەکاندا بکات".

هـ . ب