فیگەن یوکسەکداغ: بە بەرخۆدان سەردەکەوین!

فیگەن یوکسەکداغ لە دۆزی کۆبانێدا ٣٠ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا، گوتی: "تا ئەمڕۆش نەیانتوانیوە چۆکمان پێ دابدەن. بە بەرخۆدان سەردەکەوین".

دۆزی کۆبانێ

هاوسەرۆکی گشتی پێشووی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ لە دۆزی کۆبانێ سزای ٣٠ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، پەیوەست بەم بڕیارە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

پەیامەکەی یوکسەکداغ وەک ئەوەی لە میدیای دیجیتاڵ بڵاوبۆتەوە، بەم جۆرەیە:

"لەماوەی ئەو ٨ ساڵەی لە دۆزی کۆبانێدا زیندانی کراین، ئێمە شکۆ و ئازادی گەلەکەمان و ژنان و کرێکاران و دادپەروەریمان پاراست. دژایەتی سوپای قڕکەر و دەستدرێژیکەری داعش و هاوکارەکانی و هێرشکردنە سەر ویژدانی جڤاکی، بە پشتیوانی و ئایدیاڵی وڵاتێکی مرۆڤانەی مەزن و کۆمارێکی دیموکراتیک دەبێت. ئێمە دژی ئۆپەراسیۆنی تەسفیەکردنی سیاسەتی دیموکراتیک بەرخۆدان دەکەین و هەر هەنگاوێک دژی ژیانی هاوبەش و پاشەڕۆژی گەلان پووچەڵ دەکەینەوە. ئێمە باوەڕمان بە هێز و ئیمان و ڕەوایەتی خۆمانە. بەهیواین گەلانی ئێمەش بە پێداگری و بەم باوەڕەوە لەسەر ڕێگەی ئازادی بەردەوام بن. با کەس خەمگین نەبێت. تا ئەمڕۆ نەیانتوانی لەناومان ببەن، نەیانتوانی سەرمان پێ نەوی بکەن. بڕیاری سزای قورس ناتوانێت گەلانی تورکیا لە دەرفەتی ژیانی هاوبەش پاشگەز بکاتەوە. ئەمڕۆش ناتوانن سەرمان پێ نەوی بکەن. بە بەرخۆدان ماوین. بە بەرخۆدان سەردەکەوین. سڵاو و ڕێز".