لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ کە لە ٣ی حوزەیران لەلایەن دەوڵەتی ئەردۆغانەوە ئەنجامدرا، ئەمڕۆ بە دروشمی "شارەوانی هی گەلە، ئێمە ڕێگە بە دەستبەسەرداگرتنی نادەین" گردبوونەوەیەکی جەماوەری بەڕێوە چوو. بەدەیان هەزار کەس بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد. گردبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد و بەپێشکەش کردنی وتارەکان بەردەوامی هەبوو.
قادر شاهین، هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە لە پێشکەش کردنی وتارەکەیدا سوپاس و ڕێزی ئاراستەی بەشدار بووان کرد، هەروەها هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ ڤیان تەکچە، سڵاوی لە هەموو زیندانیانی سیاسی و هاوسەرۆکی شارەوانی سدیق ئاکش کرد کە سزای ١٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. تەکچە ئاماژەی بەوە کرد، یاسای دوژمنایەتی دژی گەلی کورد لەلایەن قەیومە سەپێندراوەکانەوە جێبەجێ دەکرێت و وتی: "ئەم بڕیارە لەلایەن دادگاوە نەبووە، بەڵکوو لە بارەگای ئاکەپەوە دەرکراوە. ئەو کەسەی وەک قەیوم دەستنیشانکراوە، وەکوو پەڵەیەکی ڕەش وایە لەم شارەدا. ئەم گەلە جارێکی تر لێرە نیشانی دا کە قەیومیان ناوێت. گەلەکەمان تا کۆتایی دژی داگیرکردنی ئیرادەیان تێکۆشان دەکەن. ئێمە ئەم شارەتان لێ وەردەگرینەوە. ئێمە هیچ ئیرادەیەک بەرزتر لە ئیرادەی گەل ناناسین."
هەروەها پەیامی ئاکش لە گردبوونەوەکەدا خوێندرایەوە و دواتر پەیامی سەرجەم پارت و ڕێکخراوەکان لە لایەن نوێنەرەکانیانەوە ئاراستەی جەماوەر و گەلانی ئازادیخواز کرا، بە گشتی لە پەیامەکاندا خاوەنداری لە ئیرادەی یاسایی گەلی جۆلەمێرگ کرا و داوای بەرفراوانکردنی چالاکییەکان کرا و ڕایانگەیاند گەلەکەمان ئەم دەسەڵاتدارییە گەندەڵە هەڵدەوشێننەوە و ئیرادەی ڕەوای خۆیان دەپارێزن.
لە میانەی ڕاگەیاندنی پەیامەکاندا چالاکوانانی تەژەئا لە ڕێگەی عەداڵەت فیدانەوە ڕایانگەیاند، ژنان دەستکەوتەکانیان دەپارێزن.
گردبوونەوەکە بە جۆش و خرۆشی بەشدار بووانەوە تا درەنگان بە وتنەوەی دروشمەکان درێژەی هەبوو.