هاوسەرۆکانی شارەوانی جورنێ ڕەش: ئەم سەرکەوتنە پێشکەشی موحسین مەلیک دەکەین

گاریب یاشیل و سەرهان پایداش بەربژێرەکانی دەم پارتی کە بۆ شارەوانی جورنێ ڕەش هەڵبژێردران، ڕایانگەیاند کە لە پێناو دانیشتوانی سەرجەم شارەکەدا خزمەت دەکەن و ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان پێشکەش بە سیاسەتمەداری کورد موحسین مەلیک کرد.

بەگوێرەی ئەنجامە نافەرمییەکان، دەم پارتی، پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان، لە شارۆچکەی جورنێ ڕەش-ی شاری ڕوحا، سەرۆکایەتی شارەوانی بردەوە.

سەرهان پایداش و گاریپ یاشیل  بەربژێرەکانی دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکایەتی شارۆچکەی جۆرنێ ڕەش بە ١٠ هەزار و ٧٣٠ دەنگ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

لە بەرامبەر دا کاندیدی ئاکەپە ٧ هەزار و ٤٢٠ دەنگی بەدەستهێنا.

هاوسەرۆکانی سەرکەوتووی شارەوانی لەبەردەم بینای دەم پارتی شارەکەدا سوپاسی متمانەی جەماوەرەیان کرد.

گاریپ یاشیل وتی: "سوپاسی متمانە و ماندوو نەبوونەکانی سەرجەم دانیشتوانی جورنێ ڕەش دەکەین، ئەم سەرکەوتنە قەرزاری ژنانی جورنێ ڕەشین، بەتایبەتی پیرۆزبایی لە هەموو گەلی جورنێ ڕەش دەکەین."

هەروەها پایداش وتی: "ئێمە پێکەوە گۆشەگیرییمان لە سەر جورنێ ڕەش شکاند، زیاتر لە ٥ ساڵە ئەم عەقڵیەتە تەنها خزمەتی بە لایەنگرانی خۆی دەکرد، لە سبەینێوە ئێمە خزمەت بە هەموو گەلی جورنێ ڕەش دەکەین. هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێشکەش بە سیاسەتمەداری کورد موحسین مەلیک کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر کوژرا، دەکەین."

پایداش ئاماژەی بەوەشکرد، دوای وەرگرتنی ئەرکی دەست بەکار بوونەکەمان، لە کاتێکی گونجاودا ئەم سەرکەوتنە پیرۆز دەکەین.