دوای سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان بۆ عێراق لە مانگی نیساندا، هێزە عێراقییەکان کەوتوونەتە هەندێک هەوڵەوە بە ئامانجی تاوانبارکردنی دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و ئەندامەکانی.
یەکێک لە پێشەنگەکانی پێکهاتەی عەرەبی شەنگال که له ئێستادا پێشەنگایەتی پێکەوە ژیانی گەلان دەکات، خەدیر ساڵحه کە بەناوی ئەبو سەگەر دەناسرێت هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگالە و هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی بیرجارییه، بە بیانووی ئەوەی دژایەتی بڕیاری لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی ئێزدی دەکات و یاساکانی پێشێل کردووە لە ٢٨ی ئایار لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەک لە دادگای موسڵ دەست کەوتووە، ئەبو سەگەر بە دوو هۆکار دەستبەسەر کراوە. هۆکاری یەکەم لەبەر ئەوەیە کە دژی بڕیارەکانی دادگا لێدوانی داوە و هۆکاری دووەمیش لەبەر ئەوەیە کە ئەندامی مەجلیسی خۆبەڕێوەبەری شەنگالە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەهەمان سەرچاوەوە دەستمان کەوتووە، ئەبو سەگەر بەهۆی ئەشکەنجەدانی زۆرەوە لە موسڵ لە هۆش دەڕوات.
ئەمە یەکەم هەوڵی هێزە عێراقییەکانە و وەک هەوڵێک بۆ دوور خستنەوەی کۆمەڵگای عەرەب لە کۆمەڵگای ئێزدی و ڕەشکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری تەماشا دەکرێت. هەروەها ئەبو سەگەر یەکێکە لە دۆستانی کۆمەڵگای ئێزدی و هەمیشە بە هەڵوێستی ئەرێنی خۆی توانیویە ببێتە پردێک لەنێوان کۆمەڵگای عەرەبی و ئێزدییەکاندا.
جێی ئاماژەیە ئەم هەوڵە نوێیانەی عێراق لە شەنگال وەک دەرئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سودانی و دەوڵەتی داگیرکەری تورک سەیر دەکرێت.