جانان: گەل دان بە ڕژێمی دەستبەسەرکەردا نانێت

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی جۆلەمێرگ ئەرگون جانان، ئەوەی ئاشکراکرد دەستگرتن بەسەر شارەوانی جۆلەمێرگ بڕیارێکی نایاسی سیاسیە و وتی: " گەل دان بە ڕژێمی دەستبەسەرکەردا نانێت. نمونەش بۆ ئەمە دەرنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازارە."

لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ و دەستگیرکردنی محمەد سدیق ئاکشی هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ کە لەلایەن دەسەڵاتدارییەوە سزای ١٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بۆ بڕایەوە. سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی جۆلەمێرگ ئەرگون جانان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد.

'بڕیارێکی نایاسای و سیاسیە'

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی جۆلەمێرگ ئەرگون جانان ئاماژەی بەوەدا ئەو سزایەیی بەسەر محمەد سدیق ئاکش سەپێنراوە نایاساییە و بەتەواوی سیاسیە. جانان ئەوەی بیرهێنایەوە کە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان هیچ ئاستەنگیەکی نەبینی لەوەی محمەد سدیق ببێت بە هاوسەرۆکی شارەوانی و دواتریش مەرسومی دەستبەکاربوونی شارەوانی خۆی وەرگرت. جانان ئەوەی خستەڕوو لە ساڵی ٢٠١٤دا دۆسیەک سەبارەت بە محمەد سدیق ئاکش کرایەوە. لەو کاتەوە هیچ پێشکەوتنێک لە دۆسیەکەدا ڕوونادات، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان لە ماوەی مانگێکدا هەموو دۆسیەکە تەواو دەکرێت و لە ڕێگەی دادگاوە سزای دەدەن. جانان ئاماژەی بەوەدا لەبەرئەوەی هیچ بەڵگەیەکی گونجاو لە دۆسیەکەدا نیە پێویستە ئەو دۆسیەیە هەڵوەشێنرێتەوە.

'بەشێوەیەکی یەکسان یاسا جێبەجێ ناکرێت'

جانان ئەوەی خستەڕوو یاسا بەشێوەیەکی یەکسان جێبەجێ ناکرێت و وتی: " بۆ نمونە لە ڕۆژئاوای تورکیادا کاتێک سەرۆکی شارەوانی لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە، ڕێگە دەدرێت بە ئەنجومەنی شارەوانی کە کەسێک لە ناو خۆیاندا هەڵبژێرن. ڕاستەوخۆ دەستیبەسەردا ناگیرێت. ئەوەی پێویستە بە پێی یاسا بکرێت هەر ئەمەیە. بەڵام ئەمە بۆ شارەوانییەکانی کوردستان ڕێگەی پێنادرێت. بۆ شارەوانی جۆلەمێرگیش هەر بەم شێوەیەبوو."

'بەشێوەکی ڕوون تۆڵە لە ئیرادەی گەل دەکرێتەوە'

جانان ئاشکرایکرد ئەمە بۆ جاری سێهەمە کە ئیرادەی گەل لە جۆلەمێرگ دەستیبەسەردا دەگیرێت و وتی: "ئەمەش بە مانای ئەوە دێت بەشێوەیەکی ئاشکرا تۆڵە لە ئیرادەی گەل دەکرێتەوە. گەل پەیامی 'چی دەبێت با ببێت دانتان پێدانانێین و خۆمان ڕێسا و یاساکان جێبەجێ دەکەین' دا بەڕووی دەسەڵاتدارییدا. پێویستە بزانرێت گەل دان بە ڕێژێمی قۆرکار و دەستبەسەرداکەردا نانێت. نمونەی ئەمەش دەرنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئادارە."