کەجەکە نامەى بۆ نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەولێر نارد

کۆمیتەى پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە نامەى بۆ نوێنەرایەتی و کۆنسوڵخانەی وڵاتانی رۆژئاوایی لە هەولێر نارد و داوایکرد، لە بارەی زانیارییە یەکلایەنە و تێکدەرەکانی دژ بە پەکەکە هەستیار بن.

کۆمیتەى پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەی گەشەسەندن و پێشهاتەکانی ئەمدواییە نامەیەکی بۆ نوێنەرایەتیی وڵاتیان و کۆنسوڵخانەی وڵاتانی بیانی لە هەولێر نارد.

کەجەکە لە نامەکەدا رایگەیاندووە، زانیارییە یەکلایەنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و دەوڵەتی تورک لەسەر پەکەکە  "هەڵە و لایەنگرانەن" و داوایکردووە، لەوبارەیەوە هۆشیار و هەستیار بن. کەجەکە باسی قڕکردن و پاکتاوکردنی سەر کوردانی کردووە، کە بە درێژایی مێژوو تاوەکو حکومەتی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە بەردەوامیی هەیە.

کەجەکە سەرنجی خستەسەر ئەوەش، ئامانجی سەرەکیی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردە و رەخنەی لە وڵاتە ئەوروپییەکان گرتووە، کە بەهۆی بەرژەوەندیی خۆیانەوە پشتیوانی لەو سیاسەتە دەکەن.

لە نامەکەدا باسی ئاڵۆزییەکەى مەتینا کراوە و ئەوە خراوەتەڕوو، کە پەدەکە هێزی ناردووەتە ناوچەیەک، کە ٢٥ ساڵە گەریلا لەو ناوچەیەدایە. راشیگەیاندووە، لە راگەیاندراو و لێدوانەکانی پەدەکە لەبارەی ئەو پێشمەرگانەى ژیانیان لە دەستداوە پەکەکە تاوانبار دەکرێت، بەڵام ئەو تاوانبارکردنە راست نییە.

لە نامەکەدا ئەوەش راگەیاندراوە، ئەو راگەیاندراو و لێدوانانە ئاڵۆزیی نێوان گەلی کورد زیاتر دەکات و لە بەرامبەردا باسی لە راگەیاندراوی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ی موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە کردووە.

کەجەکە داوای لە کۆنسوڵخانەکان و نوێنەرانی وڵاتانی رۆژئاوایی کردووە، کە لەبارەی ئەو بابەت و زانیارییە "لایەنگرانە و تێکدەرانانە" هەستیار بن و لە بەرامبەر جوڵەى داگیرکەری، کە لە دژی یاسا نێونەتەوەییەکانە بە رۆڵ و ئەرکی خۆتان هەستن.

کەجەکە لە کۆتایی نامەکەدا داوای لە کۆمەڵگەى نێونەتەوەیی کردووە و وتویەتی، "دەبێت لە بەرامبەر داگیرکەریی ئەردۆغان بوەستنەوە و دەوڵەتى تورک رابوەستێنرێت و رێگا بە سەپاندنی خەونی عوسمانیی نوێی تورکیا نەدەن".

ژ.ت