کەجەکە سڵاوی لە دەستپێشخەریی پاراستنی کوردستان کرد

کەجەکە رایگەیاند، "هەڵوێستی دژ بە داگیرکەری و پەدەکە رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبێت، تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی گەلی کورد زیاتر دەبێتە خاوەنی پشتیوانی لەلایەن راگشتی و کۆمەڵگەوە.

کەجەکە رایگەیاند، "هەڵوێستی دژ بە داگیرکەری و پەدەکە رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبێت، تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی گەلی کورد زیاتر دەبێتە خاوەنی پشتیوانی لەلایەن راگشتی و کۆمەڵگەوە. لەبەر ئەوەش ئێمە سڵاو لەو کەسانە دەکەین، کە دەستپێشخەریی پاراستنی کوردستانیان دامەزراندووە".

لە راگەیاندراوەکەى هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)دا هاتووە:

"نزیکەى ٢ مانگە لە نێوان سوپای تورکی داگیرکەر و هێزە فیداییەکانی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد گەریلادا، شەڕێکی گەرم روودەدات. سوپای تورک لەو ناوچانەدا، کە دەیخواست لە ماوەى هەفتەیەکدا داگیریان بکات، بەرخودانێکی گەورەی رووبەڕو کرایەوە. لە چەند گرددا خۆی داناوە و چەقیوە. گەریلا هەموو رۆژێک گورز لە هێزە داگیرکەرەکان دەدات و لاوازیان دەکات.

لە کاتێکدا، کە شەڕ لە نێوان سوپای تورک و گەریلادا قورس بووە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێزە سەربازییەکانی لە دەورووبەری گەریلا کۆکردەوە، چووە ناو هێزەکانی گەریلا و ئەوەش لە ناو گەل و رای گشتیی کورددا بووە جێگای ترس و نیگەرانی. فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) هەڤاڵ موراد قەرەیلان رایگەیاند، لە کاتێکدا شەڕ لە دژی دەوڵەتی تورک دژوار بووە، پەدەکە هێزە سەربازییەکانی لە شوێندا جێگیرکرد، کە ماوەى ٣٠ ساڵە هیچ هێزێکی سەربازیی تیادا نییە و هۆشداریی دا، کە ئەوە دەتوانێت ببێتە هۆکاری شەڕ لەگەڵ گەریلا. سەرباری ئەوەى ژمارەیەکی زۆر هێز و لایەنەکان بانگەوازیان هەبوو، بەڵام پەدەکە گوێی لە هیچ کەس نەگرت، هێزە سەربازییەکانی نەکشاندەوە و ژمارەشیانی زۆر زیاتر کرد. ئەوەش نیگەرانیی لە ناو گەلی کورددا زیاتر کرد.

هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و هەنگاو و جموجوڵەکانی پەدەکە، کە خزمەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادیی کورد و سڕینەوەى کوردان دەکات، بووە هۆی ئەوە گەلی کورد و دۆستەکانی گەلی کورد دەست بە جموجوڵ بکەن. لە هەموو پارچەکانی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات، بۆ وەستانەوە لە دژی داگیرکەری و بۆ پێشگرتن لە شەڕی پەدەکە لە دژی پەکەکە دەستیان بە چالاکی کرد و لەوبارەیەوە چەندین راگەیاندرا و لێدوانیان بڵاوکردەوە. لە ناو رای گشتیی کورد و دۆستەکانی کورددا هەستیارییەکی گرنگ خوڵقا. لە ئەنجامی ئەو هەستیاری و هەوڵ و جموجوڵانەدا هەم وڵاتپارێزانی کورد و هەم دۆستانی کورد بۆ وەستانەوە لە دژی داگیرکەری و پێشگرتن لە ئەگەری شەڕ لە نێوان هێزە سەربازییەکانی پەدەکە و گەریلادا، خواستیان لە ئەرووپاوە بێن بۆ باشووری کوردستان. خواستیان بڕۆن بۆ گۆڕەپانەکانی شەڕ و خۆیان بکەن بە قەڵغانی مرۆیی و رێگری لە ئەگەری شەڕی پەدەکە لە دژی هێزەکانی گەریلا بکەن. لەو کارەیان خواستیان وەڵامی هەستی هەموو کوردێک و کەسێکی دیموکراتیک بدەنەوە. جگە لە هەوڵیان بۆ نەهێشتنی نیگەرانییە زۆرەکانی گەلی کورد و رای گشتی هیچ ئامانجێکی تریان بۆ خۆیان دانەنابوو. بەو جۆرە دەستیان بە هەوڵە مەدەنییەکانیان کرد. ئەو هەوڵانە، کە بۆ هەر وڵاتپارێزێک، بۆ هەر کەس و هێزێکی دیموکراتیک جێگای سەربەرزی و پیرۆزییە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی ئەڵمانیا و پەدەکەوە بە شێوەی دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵ کرا.

ئێمە هەموو کورد و ئەو دۆستانە، کە بەشداری هەوڵێکی وڵاتپارێزی و دیموکراتیکی وەها بوون، بە ڕێزەوە سڵاویان لێدەکەین. ئێمە لەو بڕوایەداین، کە چالاکییە دیموکراتیکەکانیان بۆ بابەتی راوەستاندنی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و پێشگرتن لە شەڕی پەدەکە لە دژی پەکەکە، رۆڵی خۆی دەبێت.

ئێمە چاوەڕێین پەدەکە هێزەکانی بکشێنێتەوە بۆ شوێنەکانی پێشوویان

لە بەرامبەر هەوڵێکی ئاشتییانە و دیموکراتیکیانەى لەو جۆرە بۆ ئامانج و نیازێکی باش، پەدەکە وەک هێزێکی دوژمن بەرامبەریان جوڵایەوە و رەفتاری لەگەڵ کردن، کە گەلی کورد و رای گشتی لە بەرامبەر ئەو رەفتار و نزیکایەتییە سەریان سوڕما و ناڕەزایەتییان بەرامبەری نیشاندا. ئەوەش بووە هۆی ئەوە کە بوترێت؛ 'پەدەکە نایەوێت شەڕ لە دژی گەریلا رابوەستێت. ئێمەش هەر چاوەڕێ بووین، کە لەگەڵ پەدەکەدا چاوپێکەوتنێکی لەو جۆرە ئەنجام بدرێت، بەڵام لەو ناو ئەو چاوەڕوانییەدا پەدەکە هێزەکانی خۆی زیاتر لە دەورووبەری گەریلا کۆ کردەوە. لەبەر ئەوەش ئێمەش سەرمان سوڕما. دەبێت ئێمە جارێکیتر دەستنیشانی بکەین، ئێمە خۆمان لە شەڕ لە دژی پەدەکە بەدوور دەگرین و روودانی شەڕێکی لەو شێوەیە وەک بەجێهێنانی داوای دەوڵەتی تورک دەبینین. لەبەر ئەوەش ئێمە هێشتا چاوەڕێین، کە پەدەکە هێزە سەربازییەکانی لە دەورووبەری گەریلا بکشێنێتەوە بۆ شوێن و ئاست و قۆناغی پێشوویان.

دەبێت ئەڵمانیا بەس ببێتە هاوبەشی تاوانە پاکتاوکارییەکان

ئەو هەوڵە دیموکراتیک و مەدەنی و ئاشتییانە، کە وڵاتپارێزانی کورد و دۆستەکانی کورد، کە لە هەر گەلێکەوە تیایدا بەشدار بوون، هەندێک راستیی زیاتری خستەبەرچاو. جارێکیتر ئاشکرابوو، کە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد راستییەکان ئاشکرا دەکات. دەوڵەتی ئەڵمانیا یاساکانی خۆی و یاسا نێونەتەوەییەکانی پێشێلکرد و رێگای نەدا کورد و دۆستەکانیان بێن بۆ هەولێر. ئاشکرای کرد، کە ئەو رێگرییەی لە پێناو تورکیادا کردووە، کە ئەندامێکی ناتۆیە. ئەڵمانیا بەو شێوەیە نیشانی دا، کە گەورەترین هاوکار و هاوبەشی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکار و داگیرکەرە. ئەوە بینرا، کە ئەڵمانیا بە پێداگرییەوە هاوکاری و پشتیوانی لە پاکتاوکردنی کوردان دەکات. پەیوەندیی لەگەڵ هەندێک حیزبی باشووری کوردستاندا ئەو رووە پاکتاوکارەیەی ئەڵمانیا ناشارێتەوە. ئێمە بەناوی گەلی ئەڵمانیاوە داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین، کە بەس ببە بە هاوبەشی ئەو تاوانە پاکتاوکارییانە.

ئەڵمانیا ئەو هەڵوێستەى خۆی رایگەیاند، کە دیکتاتۆریی فاشیستی تورکیا لەسەر پێ رادەگرێت و بەهاکانی مافەکانی مرۆف و دیموکراسیی خستووەتە لایەکەوە. دەوڵەتی تورک بە شەڕەکەى لە دژی گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکان، چەپەڵ بووە و داڕزاوە. لە هەمان کاتدا ئەو دەوڵەت و هێزە سیاسییانەى پشتیوانیی لێدەکەن ئەوانیش قێزەون و چەپەڵ بوون و دەڕزێن. دەوڵەتی تورک لە ئەنجامی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە کوردان و هەوڵ بۆ سڕینەوەیان بەو حاڵەی ئێستا گەیشتووە. لە پێش هەموویانەوە ئەڵمانیا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، پشتیوانی لەو دەوڵەتە فاشیستە دەکەن، خۆیان وەک ئەویان لێدێت و دەچنە ئەو حاڵەوە. هەر خۆی کۆبوونەوەى باڵای ناتۆ، کە ماوەیەکی کورت لەوە پێش بەڕێوەچوو، پشتیوانیی خۆی بۆ داگیرکەریی دەوڵەتی نیشان دا، کە هاوکاری سیاسەتە پاکتاوکارییەکانی دەکەن.

وڵاتپارێزانی کورد و دۆستەکانی کورد بە ئاشکراکردنی ئەو راستییە ئەڵمانیا و پەدەکە، هاوکارییەکی زۆر گرنگی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسییان کرد. کورد و دۆستەکانییان لە دژی داگیرکەری دەوەستنەوە و بۆ ئەوەى رێگری لە شەڕی پەدەکە لە دژی گەریلا بکەن لە جموجوڵدان، داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و هەڵوێستی پەدەکەیان خستە رۆژەڤ و بەو شێوەیە کارێکیان کرد، کە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی ببێتە خاوەن بوار و زەمینەیەکی زۆر بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و سیاسی. هەر خۆی هەڵوێست لە دژی داگیرکەری و پەدەکە رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبێت، تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی گەلی کورد دەبێتە خاوەنی پشتیوانییەکی بەهێزی رای گشتی و کۆمەڵگە. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بە ڕێزەوە سڵاو لەو کەس و هێزانە دەکەین، کە دەستپێشخەریی پاراستنی کوردستانیان دامەزراندووە و سەرکەوتن بۆ کارەکەیان و هەوڵەکەیان دەخوازین".

ژ.ت