ڕێکخستنی دەم پارتی جولەمێرگ: پێویستە گەلەکەمان دژی فاشیزم ڕووبکەنە جولەمێرگ

ڕێکخستنی دەم پارتی جولەمێرگ بانگەوازیکرد بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەی مەزنی ١٣ ی حوزەیران لە جولەمێرگ و گوتی: "ئێستە کاتی مەزنکردنی بەرخۆدانی جولەمێرگە".

گردبوونەوەی مەزن

ڕێکخستنی دەم پارتی جولەمێرگ بانگەوازیکرد بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەی مەزنی ١٣ ی حوزەیران لە جولەمێرگ و بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. لە جولەمێرگ ٧ ڕۆژە گەل بەرخۆدان دەکات دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکەیان. ڕێکخستنی دەم پارتی جولەمێرگ ١٣ ی حوزەیران گردبوونەوەی "شارەوانی ئێمەن، ڕێگە بە زەوتکردن نادەین" ئەنجام دەدات. ڕێکخستنی دەم پارتی لە جولەمێرگ لەبەردەم بینای پارتەکە بە ڕاگەیاندراوێک بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەکە، هاوسەرۆکی دەم پارتی جولەمێرگ حومەیرا ئارموت ڕایگەیاند سەرەڕای هەموو فێڵ و ساختەکارییەک شارەوانییەکەیان بەدەستهێناوە، گوتی: "دانانی قەیوم هێرشە دژی ئیرادە و بەهاکانی گەل، بە دانانی قەیوم جارێکی تر دیموکراسی بریندار کراوە. بە دانانی قەیوم، دەوڵەت سیاسەتی داگیرکاری و دوژمنایەتی لە کوردستان بەڕێوەدەبات. دانانی قەیوم هێرشە دژی شارەوانی جڤاکی و سیستەمی هاوسەرۆکایەتی".

حومەیرا ڕایگەیاند دژی ئەم سیاسەتی نکۆڵی و پاکتاوکردن و داگیرکارییە، کاتژمێر ١٥:٠٠ لە ١٣ ی حوزەیران لە جولەمێرگ گردبوونەوەی مەزن ئەنجام دەدەن، گوتی: "بانگەواز لە گەلی کوردستانمان و گەلانی تورکیا دەکەین ڕووبکەنەوە جولەمێرگ و دژی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ئیرادە و پاتکاوکردن، بەشداربن لە تێکۆشانی شکۆمەندانە".

هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ ڤیان تەکچە ڕایگەیاند دانانی قەیوم دوژمنایەتی ئیرادەی ژن و گەنجانە و بانگەوازی لە ژنان و گەنجان کرد دژی ئەم سیاسەتە بوەستنەوە.  

پاشان جەماوەر بۆ ماوەی ١٠ خولەک چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا. ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بەرخۆدان ژیانە" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" کۆتایی هات.