کۆن-مەد لە پەیامێکدا بە ناونیشانی "زمان چاند لە هەگبەی خۆیدا هەڵدەگرێت، ڕۆژی ١٥ ی ئایار جەژنی زمانی کوردی پیرۆز کرد. کۆن-مەد ئاماژەی بەوە کرد دڕندانەترین دوژمنایەتی لەلایەن فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە بەرامبەر کورد دەکرێت، بانگەوازی لە هەموو دامەزراوە کوردییەکان کرد بەرامبەر ئەم سیاسەتە بوەستنەوە و زمانی کوردی بپارێزن و پێشی بخەن.
لە پەیامەکەی کۆن-مەد هاتووە: "پێویستە ٢٤ کاتژمێر زمانی کوردی لە ژیاندا بەکاربهێنن"، تیشکخراوەتەسەر گرنگی ئەم ڕۆژە و گرنگی دەرچوونی گۆڤاری هاوار لە ١٥ ی ئایاری ١٩٣٢ بە پێشەنگایەتی جەلادەت عەلی بەدرخان بۆ پاراستنی زمانی کوردی.
کۆن-مەد تیشک دەخاتە سەر گرنگی زمان بۆ نەتەوە و گەلان و دەڵێت: "زمان پایەی سەرەکییە بۆ مانەوەی نەتەوە و داهێنان و ئافراندنی چاند و هونەر و ئەدەب".
بۆ قڕکردنی چاندی کوردی هەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر
کۆن-مەد تیشک دەخاتە سەر سیاسەتی کۆماری تورک هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە ئامانجی قڕکردنی چاند و زمانی کورد، جەخت دەکاتەوە دەوڵەتی تورک لەناوبردنی کوردی کردۆتە ستراتیژی خۆی، بۆ قەدەغەکردنی زمان و پەراوێزخستنی چاندی کوردی هەموو ڕێگەیەکی قڕکردن دەگرێتەبەر.
سیاسەتی پەراوێزخستنی داگیرکەران لەناوببەن
کۆن-مەد ڕایدەگەیەنێت لەم سەدەیەی کۆماری تورکدا، دڕندانەترین دوژمنایەتی لەلایەن فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە بەرامبەر کورد دەکرێت و هەرچی لەدەستیان هاتووە کردوویانە، دەڵێت: "لە هەژارکردنی جڤاکەوە تا گۆڕینی دیموگرافیک، لە وێرانکردنی سرووشتی کوردستانەوە تا تێکدانی چاندی، هەموو ڕێگەیەکی قێزەونیان گرتۆتەبەر و هێشتاش بەردەوامن.
پێویستە هەموو ڕێکخراو و دامەزراوەکانمان سیاسەتی پەراوێزخستنی داگیرکەران لەناوببەن، بە هەستیارییەوە نزیکی زمانی زگماکی ببنەوە کە هەموو زاراوەکان دەگرێتەخۆ و زمانەکە پێش بخەن".
کۆن-مەد ئاماژە دەکات بە دەرفەتەکانی بەردەم فێربوونی زمانی کوردی، بەتایبەت لە ئەڵمانیا دەرفەتی فێربوونی زمانی کوردی هەیە، داوا لە ڕێکخراوەکان دەکات هانی خێزانەکان بدەن تا مناڵەکانیان بنێرن بۆ فێربوونی کوردی.
لەگەڵ مناڵەکانتان و لەنێو خۆتاندا بە کوردی بدوێن
کۆن-مەد داوا لە تەواوی گەلی کورد و بەتایبەت ژنان و گەنجان دەکات ئاخاوتن بە زمانی زگماکی خۆیان وەک ئەرک و سەربەرزییەکی نەتەوەیی ببینن، هەمووان زمانی خۆیان خۆشبوێت و هۆشمەندی خۆیان بنیات بنێن و بە کوردی بدوێن و بنووسن و بیربکەنەوە، دەڵێت: "بانگەواز لە گەلی کورد دەکەین، بەتایبەت لەنێو ماڵەکانی خۆیاندا، لەبەینی خۆیاندا و بەتایبەت لەگەڵ مناڵەکانیان بە زمانی کوردی بدوێن. بەرامبەر قڕکردنی چاندی لە هەموو کات زیاتر خاوەنداری چاندی خۆیان بکەن".