کەنەکە: دادگاییکردن و سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان نایاسایی و نادادپەروەرانەیە

کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤى (کەنەکە) رایگەیاند: "بڕیاری دادگای تەمیزی هەولێر سەبارەت بە چالاکوانان و رۆژنامەنوسانی بادینان نایاسایی و نا دادپەروەرانەیە و سەروەربوونی یاسا و ئازادی را و را دەربڕین و دیموکراسی بەرەو ئاراستەیەکی ترسناک و ماڵوێنکەر دەبات.

پاش ئەوەی دادگاى پێداچونەوەى هەرێمى کوردستان، بەزۆرینەى دەنگى ئەندامەکانی تۆمەتە سەپێنراوەکانی سەر سزادراوانى بادینانى پەسەند کرد، کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤـی سەر بە کۆنگرەینەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، ڕاگەیەنراوێکی بۆ ڕایگشتی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، "دادگاییکردن و سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان نایاسایی و نادادپەوەرانەیە و تێپەڕاندن و پەسەندکردنی ئەم جۆرە بڕیارانەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان سەروەربوونی یاسا و ئازادی ڕا و ڕا دەربڕین و دیموکراسی بەرەو ئاراستەیەکی ترسناک و ماڵوێرانکەر دەبات. کەنەکە پێی وایە پەسەنکردنەکەی دادگای تەمیز،  لە هەمان کاتدا زیان بە کۆی پرۆسەی باشوری کوردستان دەگەیەنێت و تێوەگلاندنی دیبلۆماتکاران و کونسولگەرانی وڵاتان لە باشور، لەم کەیسە نیشانەی نەبوونی بەڵگە و پێشینەیەکی مەترسیدارە بۆ پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان".

تەوای دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی (کەنەکە):

دادگاییکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنوسانی بەهدینان لە دادگای تەمیز بە نایاسایی و نا دادپەروەرانە دەزانین
 
ئێمە لە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان  وەک پێشتر بە هەڵوێستی فەرمی خۆمان لە 17 ی شوباتی 2021 بە ئامانجی پارێزگاری لە ناو و پێگەی دادگا و متمانەی هاوڵاتیان بە دادگاکانەوە، نابێت یاسا ببێتە ئامرازی سەرکوتی ئازادییە سیاسی و شارستانیەکان، هەڵبەت سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی هەر حوکمڕانیەک بە دەستور و یاساکەیەوە جوان و شارستانییە و سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام دەبێ یاسا و دادگەلێکی دادپەروەرانە و بە تەواوەتی سەربەخۆبێت، ئازادی دەربڕین و رۆژنامەوانی و بەشداری سیاسی پایەیەکی دیموکراسیە کە قابیلی زەوتکردن نیە، هەروەها بە رەهایی لە ژێر فەرمانی حیزبەکانەوە نەبێت و بە ئازادانە و عادیلانە لە سەرووی دەسەڵاتەوە بڕیار بدات، واتە سەروەری هەموو دەسەڵاتەکانەوە بێت.
 
16ی شوباتی 2021، دادگای دووی هەولێر پێنج لە چالاکوان و رۆژنامەنوسی بەهدینان هەر یەک لە بەڕێزان: ( شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا، مامۆستا شڤان سەعید و ئەیاد کەرەم ) بە 6 شەش ساڵ زیندانی دادگاییکرد، بەڵگە لاوەکیەکانی ئەم کەیسە و گیراوانی دیکە زۆر لاوازن و دادگا نەیتوانیوە تۆمەتەکان بسەلمێنێت، رق و کینەی حزبی و ناسەربەخۆیی دادگا بڕیاری بە ناهەقی هاوڵاتیانی لێدەکەوێتەوە، بە داخەوە بڕیاری دادگای تەمیزیش رێک بڕیاری حزبی و نا سەربەخۆ بوو بەرامبەر بە چالاکوانان و رۆژنامەوانی بەهدینان. لەلایەکی ترەوە ئەو تاوانانەی کە لەسەری دادگایی کران بێ بەڵگە و بنەمای یاسایی بوون و دەبوو بەدواداچوونی زیاتری بۆ بکرایا، ئەوجا بڕیاری لەسەر بدرایە.
 
تێپەڕاندن و قەبوڵکردنی ئەم جۆرە بڕیارانەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان ( باشوری کوردستان) سەروەربوونی یاسا و ئازادی را و را دەربڕین و دیموکراسی بەرەو ئاراستەیەکی ترسناک و ماڵوێرانکەر دەبات و لە هەمانکاتیشدا زیان بە کۆی پرۆسەکە دەگەیەنێت. تێوەگلانی دیبلۆماتکاران و کونسولگەرانی وڵاتان لە باشوری کوردستان لەم کەیسە نیشانەی نەبوونی بەڵگە و پێشینەیەکی مەترسیدارە بۆ پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان.
 
بۆیە ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک ـه داوا لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، دەسەڵاتی قانونی خۆی بەکاربێنێت و بە ئاراستەی رێزگرتن لە مافەکانی ئازادی دەربڕین و دەستەبەرکردنی یەکسانیی لە کەیسی رۆژنامەنووسان و چالاکوانی بەهدینان، ئەو حوکمە نادادپەروەرییە بەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربکات.
 
ئێمە لە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پشتگیری ئەو هەموو دەنگە دڵسۆز و مافخواز و رێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤی کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتیانە دەکەین و ئەو ڕیارەی دادگای تەمیز سەرکۆنە و مەحکوم دەکەین. داواش لە دادوەران دەکەین کە ویژدان و ئەو پیشەمرۆییەیان بکەنە رابەر و بێلایەنانە و دوور لە هەر پاڵنەر و فشار و هەست و سۆزێکی حزبی و بەرژەوەندی کەسیی بڕیار لەسەر کەیسەکان بدەن. تاوەکو لەوە زیاتر متمانەی هاوڵاتیان بە دادوەر و دادگاکان لاوازتر نەبێت.
 
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤـی ک ن ک ـه 

هـ.هـ