کەنەکە: گەلەکۆمەى ١٥ی شوبات لە کەسایەتیی ئۆجالان دا لە دژی بزووتنەوەى ئازادیخوازی کوردستان بەڕێوەچوو

دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتی ١٠٠٠ لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

ئێمە گەلەکۆمەی ناڕەوای 15ی شوباتی 1999 کە لە کەسێتی بەڕیز عەبدوڵا ئۆجەلاندا، لە سەر بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بەڕیوەچوو، بە توندی شەرمەزار ئەکەین!

لە 15ی شوباتی 1999دا نادادپەروەری و ناڕەواییەکی مەزن کرا. لە لایەکەوە مەزنیی گەلی کوردستان و سەرۆکی پەکەکە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاو دەوڵەتانی هەوپەیمانی ئەو. بەڕیز ئۆجەلان خەبات بۆ دۆزی ئازادیی گەلی خۆی ئەکات، تێکۆشان بۆ رزگاریی وڵاتی خۆی ئەکات. دوژمن و هاوپەیمانە جیهانیەکانیان رێککەوتن و ویستیان دەرگاکانی دنیای لێ دابخەن، رێی هەناسەدانی لێ بگرن. ئەوان بیریان لە ویژدان و مافی مرۆڤ و یاساو دادوەریی و ئەخلاق نەکردەوە، کاتێک بڕیاریان دا مەزنێکی کوردان کە بۆ ویژدان و دادپەروەریی، بۆ ئاشتی و یەکسانی و ئازادی و هەموو بەها مرۆڤایەتیەکان خەبات ئەکات، بێدەنگ بکەن و رێی ژیانی لێبگرن.

رێککەوتنی نێوان تورکیاو هاوپەیمانە جیهانیەکانی، هەر لە ئەمەریکاوە بگرە تا چەندین دەوڵەتی ناو یەکێتی ئەوروپا، یۆنان و هەتا روسیاو ئیسرائیل، میسرو کینیا، هەموو لەو بارەیەوە یەکیان گرت و بەرژەوەندی خۆیان لەوەدا بینی کە هەموو نۆرمە مرۆڤایەتی و ئەخلاقیەکانی بخنە ژێر پێ، هەموو تواناو دەزگا سیخوڕیەکانیان لە دژی بەڕیز ئۆجەلان بخەنە کار کە لە ژێر پاراستنی یۆنانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپادا بوو، بۆ ئەوەی بە فێڵ و خیانەت بیگرن و رادەستی تورکیای بکەن.

پرۆسەی گەلەکۆمە بە روونی ئەوەی دەرخست کە ئەو ناوەندە نا دادپەروەرانە نەگەیشتنە ویست و داخوازیی خۆیان و ئامانجیان بەدی نەهێنا. ئەوان بە هیوای ئەوە بوون پەکەکە کە پێشەنگێکی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانە، تێک بدەن و لەناو ببەن. یان هەر هیچ نەبێ زۆر لاوازی بکەن. بەڵام ئەوەی ئەوان چاوەڕێی بوون لە ماوەی ئەم 22 ساڵەدا بە تەواوی پێچەوانە بوو. نە بەڕیز ئۆجەلان وازی لە تێکۆشان هێنا، نە خەڵکی کورد و کوردستانیانیش دەستبەرداری دۆزی رەوای خۆیان بوون. وەڵامی خەڵکی کوردستان هەر لە هەمان ساڵی گەلەکۆمەی 15ی شوباتی 1999 دا دەرکەوت. لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا لە ئازاری 1999دا، ژمارەیەکی زۆر شارەوانی کەوتە دەست کوردان. لە ناو ئەوانیشدا شارەوانی ئامەد. ئیتر هەر ئەو کاتە گەلەکۆمە مایەپووچ دەرچوو.

ئەو رۆژە و ئەمرۆش دوژمن و هاوکارەکانی لە بەرامبەر تێکۆشانی ئۆجەلان و سەرکەوتنی خەڵکی کوردستاندا شکستیان هێنا. ئەو  22 ساڵە ئەوانی روورەش کردو ئۆجەلان و خەلكی کوردستان رووسپی. لەو 22 ساڵەدا ماف و دادپەروەری بەسەر ناهەقی و نادادپەروەریدا سەرکەوت. لە ئەنجامیشدا ئۆجەلان و پەکەکەو گەلانی کوردستان تێکۆشانی خۆیان گەیاندە قۆناغێکی باڵاتر.

لە ئێستاشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە باکوری کوردستان نەک هەرپەلاماری هێزە چەکدارەکانی پاراستنی کوردستان ئەدا، بەڵکو هەمانکات هێرش بۆ سەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان ئەکات. دەست بەسەر شارەوانیەکاندا ئەگرێت، سەرۆک سارەوانی و پەرلەمانتار و سیاسەتمەداران لە هەموو ئاستەکاندا دەستبەسەرو زیندانی ئەکات. ئەیەوێ بەو شیوەیە گەلی کوردستان بترسێنێ، بەرخۆدان و ئیرادەی گەل بشکێنێ.

دەوڵەتی تورکیا نەک هەر لە باکوری کوردستان، هەروەها لە باشوور و رۆژاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانیش دوژمنایەتی کوردان ئەکا. لە بواری نێونەتەوەییدا هەوڵئەدا کورد نەناسرێن. لە مەیدانیشدا هاوکاریی نەیارانی کورد ئەکات. لە پڕۆسەی ریفەاندۆمی باشووری کوردستاندا، دەستی لەگەڵ رژێمی ئێران ئێراق تێکەڵ کردووە هێرشیان کردە سەر کوردستان. سێ ساڵ پێش ئێستا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشی کردە سەر عەفرین. ساڵێک لەمەوبەریش هێرشی کردە سەر سەرێکانی و گرێ سپی.. ئێستاش دەوڵەتی تورکیا ئەیەوێ هەرێمی دی لە رۆژاوای کوردستان داگیر بکات. لەو بارەیەوە بە هەموو شێوەیەک لە هەڵداندایە.

ساڵێل زێدەترە دەوڵەتی تورکیا هێرشی بەرفراوان ئەکاتە سەر باشووری کوردستان. درووست لە ساڵوەگەڕی گەلەکۆمەدا هێرشێکی بەهێزی کردە سەر ناوچەی گارا. ئەوەش پەیامێکە بۆ ئێمەی کورد کە گەلەکۆمە بەردەوامە. گەلەکۆمە لە کەسێتی بەڕیز ئۆجەلاندا لە شامەوە دەستی پێکرد. ئەیانەوێ بە هێرشکردنە سەر باشوور بیگەیەننە ئەنجام. ئێستا لە ناوچەی گارا شەڕێکی شەڕێکی سەخت بەڕێوە ئەچێت. هێزەکانی گەریلا بە قارامێتییەکی بێوێنەوە لە بەرگرییدان و زەبری گرانیان لە دوژمن داوە. پشتگیریی و هاوکاریی ئەو بەرخۆدانە ئەرکی سەرەکیمانە.دەوڵەتی تورکیا دوژمنی سەرەکیی کوردانە. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان لەبەرامبەریدا راوەستن.

22  ساڵ بەسەر گەلەکۆمەکیی 15ی شوباتدا تێپەڕ ئەبێت. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان هەتا ئێستاش لە زینداندایەو لە گۆشەگیرکردنێکی تونددایە. ئێستا دۆستانی کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەییدا و لەژێر درووشمی " کات کاتی ئازادییە "، کەمپینێکی بەرفراوان بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجەلان بەڕێوەئەبەن. ئێمە وەک ك ن ك پشتگیریی لە ئەو کەمپینە ئەکەین. داوائەکەین هەموو کوردستانییەکانیش پشتیوانیی لە کەمپینەکە بکەن.

گەلی کوردستان لە ئەزموونی مەزن و پێشەناگایەتی چەند ساڵەی خۆیدا قوربانی زۆری دا. بەردەوام رێز و ئامادەیی خۆی لەگەڵ رێبەرو سەرکردایەتیەکەی پیشان دا. لە دەوری پارت و رێکخراوەکانی خۆی کە سەربەرزانە پرسی کوردو کوردستان پێشئەخەن، کۆبۆوە. ئێستاش لە چوارچیوەی یەکێتی نەتەوەیی و نیشتمانیدا تێکۆشانی ئازادی و رزگاریی بەهێز ئەکەن و لە سەنگەری بەرخۆداندا تا سەرکەوتنی کۆتایی بەردەوام ئەبن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ساڵوەگەڕی گەلەکۆمەی 15ی شوباتدا، جارێکی تر داوا لە هەموو کوردستانیان ئەکا، لە ناوخۆی وڵات و لە هەر جێیەک هەن، دەنگ و هاواری تێکۆشان بۆ ئازادی بەڕیز ئۆجەلان و رزگاریی کوردستان بڵند بکەن. یەکێتی ناوخۆیان و هاوپەیمانیی لەگەڵ دۆستەکان  باشتر و بەهێزتر بکەن. نەیاران و هاوپەیمانانیان شەرمەزار بکەن.

هەروەها کەنەکە داوا لە هەموو کوردستانیان ئەکات بەشداری پرۆتستۆکردنی گەلەکۆمەی 15ی شوبات ببن. هەڵوێستی تێکۆشانی خۆیان لەسەر دۆزی کورد و کوردستان پیشانی یار و نەیار بدەن.

ژ.ت