کەسوکاری ئەنفال سەردانی نوگرە سەلمانیان کرد

بەبۆنەی ڕۆژی گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە، کەسوکاری ئەنفال سەردانی نوگرە سەلمانیان کرد، چالاکی هونەری ئەنجامدرا و ڕەخنە لە کەمتەرخەمی حکومەتی عێراق و هەرێم گیرا.

دوای ئەوەی شاڵاوەکانی ئەنفال بە هەشت قۆناغ لە لایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە لە ساڵی ١٩٨٨ ئەنجامدرا و زیاتر لە ١٨٢ هەزار کورد زیندەبەچاڵکران، وەک تەواوکارییەک بەو پرۆسەیە بە هەزاران کورد کە زۆرینەیان لە ژن و منداڵ پێکهاتبوون، ماوەی پێنج مانگ لە زیندانی نوگرەسەلمان لە سەماوە ڕاگیران، دواتر لە ڕۆڵە و کەس و کارەکانیان دابڕێنران. لە ئێستادا وەک بۆنەیەکی ساڵانە کەسوکاری ئەنفالکراوان بە گشتی و ئەو کەسانەی لە نوگرەسەلمان زیندانی کران، سەردانی ئەو قەڵایە دەکەن.

بۆ ئەو مەبەستە دوێنێ سەدان کەس لە کەسوکاری ئەنفال و تاقانەکانی ئەنفال، چالاکوانان و ئەندامانی ڕێکخراوەکان لە شار و شارۆچکەکانی کەلار، کفری، کۆیە، هەڵەبجە و بلە و بارزان ڕوویانکردە شاری سەماوە. لە نێو شەقامەکانی شارەکەدا چالاکی هونەری ئەنجامدرا بۆ ئاشناکردنی دانیشتووانی شارەکە بە ئاستی تاوانەکە.

دواتر بەڕێ کەوتن بۆ قەڵای نوگرە سەلمان و دوێنێ شەو چالاکییەکی هونەریان ئەنجامدا.

کەسوکاری ئەنفال بۆ بەرزڕاگرتنی یادی قوربانیان چرایان داگیرساند، لەلایەن هونەرمەندانی ژن و پیاوی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە، چەندین شانۆگەری دەربارەی کارەساتی ئەنفال نمایشکرا، کەسوکاری ئەنفال و شاعیرانی دەڤەرە جیاوازەکانی کوردستان شیعریان خوێندەوە.

هەر لە چالاکییەکەدا ڕەخنە لە کەمتەرخەمی پارتە سیاسییەکان و دەسەڵات و بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گیرا، چونکە بەپێی پێویست نەهاتوون بەدەم داخوازییەکانی کەسوکاری ئەنفال و هاوکار نەبوون لە بەڕێوەچوونی ئەم چالاکییە و چالاکییەکانی دیکەی پەیوەست بە ئەنفال، وە هیچ کام لە بەرپرسە حکومی و حزبییەکان بەشدارنەبوون لە چالاکییەکەدا.

چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفال، کامەران محەمەد جەوهەر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)  قسەی کرد و گوتی: "٢٧٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق هەن، ١١ گۆڕی بەکۆمەڵیان هەڵدراونەتەوە، دڵنیاین ئەو ١١ گۆڕە بەکۆمەڵە هی کەسوکارمانە، بەتایبەت ئەنفالکراوانی دەڤەری گەرمیان".

کامەران محەمەد ڕایگەیاند حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمن لە وەرگرتنی نموونەی خوێن و دی ئێن ئەی لە کەسوکاری ئەنفالکراوان، هەرچەند ئەم کارە بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تری عێراق کراون، بەڵام پەیوەست بەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی تایبەتن بە ئەنفال، هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە.