لە ٣ شار ژنان نامەیان نارد بۆ سی پی تی

لە ٣ شاری ئەڵمانیا ژنان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نامەیان بۆ سی پی تی نارد و گوتیان "ئێمە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان ناسی، بۆ ئازادی وی خەبات دەکەین".

لە شارەکانی گیسن و زیگن و لیمبورگی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی کورد لە ئەوروپا (یەژەکە-ئە) بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەدان نامە بۆ کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجە (سی پی تی) نێردرا.

ژنان ٨٨٣ نامەی واژۆکراویان خستە سندووقی پۆستەوە، تیشکیان خستەسەر گۆشەگیری و ئەشکەنجەی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتیان: "٢٥ ساڵە لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا، گەلی کورد ڕووبەڕووی گۆشەگیریەکی سەخت دەبێتەوە.   ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕێبەر ئاپۆ نییە و سزای دیسپلین بۆتە سیستەمی زیندانی ئیمراڵی. ئێمەی ژنان لە هەموو جێگەیەک بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەرمان خەبات دەکەین، ئێمە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان ناسی. لێرە بەدواوە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ خەبات دەکەین".