لە چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" تیشکخرایە سەر گۆشەگیری

سەدان کەس بە پێشەنگایەتی خزمی زیندانیان لەبەردەم زیندانی باکریکۆ چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی"یان ئەنجامدا و تیشکیان خستەسەر گۆشەگیری.

خزمی زیندانیان لە ئیستەنبوڵ لە چوارچێوەی کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لەبەردەم زیندانی ژنانی باکریکۆ چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی"یان ئەنجامدا، کۆمەڵەی پشتگیری لە بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی مەڕمەڕە و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) و چەندین ڕێکخراوی جڤاکی مەدەنی بەشداربوون.

سەدان کەس بە چەپڵە و هەلهەلە ڕێپێوانیان کرد تا بەردەم زیندانی باکریکۆ، پانکارتی "بۆ شکاندنی گۆشەگیری دەنگت بخەپاڵ ئازادی" هەڵگیرا و یەلەکی "گۆشەگیری تاوانی دژی مرۆڤایەتییە"یان پۆشی. هەروەها چەندین جار درووشمی "ماف، یاسا، دادپەروەری" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئیستەنبوڵ موراد کالماز گوتی: "بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکاری مافەکان لە تورکیا و هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، لەپێش زیندان چالاکی دانیشتن ئەنجام دەدەین".