لە دۆسیەی کۆبانیدا؛ دەمیرتاش ٤٢ ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ ٣٢ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا

ئەمڕۆ دادگا لە سەر دۆسیەی کۆبانێ بڕیاریدا، ئەحمەد تورک بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە ڕێکخستن” سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، سەلاحەدین دەمیرتاش ٤٢ ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ ٣٢ ساڵ و نۆ مانگ سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.

لە دۆسیەی کۆبانێدا، هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە گەڵ ١٨ زیندانی دیکە لە کۆی ١٠٨ سیاسەتمەداری کورد، بە پاساوی هاندانی خۆپیشاندان و شەرمەزار کردنی هێرشەکانی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، لە ٦ تا ٨ـی  تشرینی دووەمی ٢٠١٤ دادگایی دەکرێن، لە دادگای سزای قورسەکانی ئەنقەرە بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکەوە ئەمڕۆ دانیشتنی دادگا دەستی پێ کرد.

جێی ئاماژەیە لە دانیشتنەکەی دادگادا، هاوسەرۆکانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان دەبەپە و هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان و جێگری سەرۆکی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە). ) عەلی ماهیر بەشاریر و بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتاران و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان و هەروەها زیاتر لە ٢٠٠ پارێزەر و زیاتر لە ١٠ سەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەران بەدواداچوونیان بۆ دانیشتنەکە کرد.

سەرۆکایەتیی دادگا بڕیاری کۆتایی خۆی ڕاگەیاند، لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیارەکەدا ئامادەبووانی ناو هۆڵی دادگا و پارێزەران بە لێدان لە مێزەکانی بەردەمیان، ناڕەزایەتییەکی گشتگیریان ئەنجامدا و بە وتنەوەی درووشمی "بژی بەرخۆدانی هەدەپە" ناڕەزایەتیان دەربڕی و هۆڵەکەیان چۆڵ کرد.

بڕیاری کۆتایی دادگا لەبارەی دۆسیەی کۆبانێ’ وەهایە:

سەڵاحەدین دەمیرتاش: بە بیانووی “تێکدانی یەکێتی و یەکپارچەیی دەوڵەت ٢٠ ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە، هەروەها بەبیانووی هاندانی جەماوەر ٤ ساڵ و شەش مانگی تر سزا درا، بەهۆی وتارێکی لە ٢١ـی ئاداری ٢٠١٦ بۆ جەژنی نەورۆز، ٢ ساڵ و شەش مانگی تر سزا درا، بەهۆی وتارێکییەوە لە ٢٩ـی شوباتی ٢٠١٦ لە ئامەد، بە بیانووی “هاندانی خەڵک بۆ یاسا شکێنیی، ساڵێک و شەش مانگی تر سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەکۆی گشتیی دەکاتە ٤٢ ساڵ زیندانیی لە ٤٧ تۆمەتی جیاوازدا.

فیگەن یوکسەکداغ: بە بیانووی "ئەندامێتی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ڕێکخستن، بە ١٩ ساڵ زیندانیی سزا درا، هەروەها بە بیانووی "هاندان" ٤ ساڵ و شەش مانگی تر سزا درا، بە بیانووی، پروپاگەندە بۆ ڕێکخستن، ساڵێک و شەش مانگی تر سزا درا، لەگەڵ چەند سزایەکیتر کە بەگشتی ٣٢ ساڵ و ٩ مانگ سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەحمەد تورک: بە بیانووی "ئەندامێتی لە ڕێکخستن" سزای ١٠ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.

ئەمینە عەینا: بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە ڕێکخستن" سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

گوڵتان کشاناک: بە تۆمەتی ئەنداێتیی لە ڕێکخستن سزای ٨ ساڵ بەسەردا سەپێندرا. نیوەی سزاکەی بۆ زیادکرا  و بوو بە ١٢ ساڵ.

هەروەها سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانی دیکەی پێشووی هەدەپە، لە ١٨ ساڵەوە تا  ٣٠ ساڵ زیندانیی بەسەریاندا سەپێندرا.