لە جەژنی زمانی کوردی ڕێپێوان و پانێڵ ئەنجامدرا
بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە لە شەرناخ پانێڵ و لە وان ڕێپێوان ئەنجامدرا.
بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە لە شەرناخ پانێڵ و لە وان ڕێپێوان ئەنجامدرا.
بەبۆنەی ١٥ ی ئایار جەژنی زمانی کوردییەوە لە شەرناخ پانێڵ و لە وان ڕێپێوان ئەنجامدرا.
شەرناخ
لە شەرناخ تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) بەبۆنەی ١٥ ی ئایار جەژنی زمانی کوردییەوە لە هۆڵی کۆنفرانسی بینای پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) پانێڵی "ژن و زمان"ی ڕێکخست. هونەرمەندی کورد و ئەندامی کۆمەڵەی چاند و هونەر و ئەدەبی کورد، سەلما ئۆزەل عاسی وەک پانێڵیست بەشداربوو، پانێڵەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێ کرد.
"هەبوونمان گرێدراوە بە زمانمانەوە"
سەلما ئاماژەی بەوە کرد هەموو گەلێک بە زمانەکەیەوە دەناسرێتەوە، بەبێ زمانەکەی بوونی مانای نابێت، گوتی: "بۆیە دەڵێین خاوەنی زمانین، هەبوونمان گرێدراوە بە زمانمانەوە. لە تێکۆشانی گەلی کورددا هەمیشە تێکۆشانی زمان هەبووە. پێویستە لە ماڵ و گەرەک و شەقامەکان بە زمانی دایکمان بدوێین".
ژنان لە چاخی نیۆلیتیک
سەلما ئاماژەی بەوە کرد ژنان لە چاخی نیۆلیتیک پێشەنگایەتی جڤاکیان کردووە، ژن و سرووشت ئاوێتەی یەکدی بوون، ئەگەر شوێنەواری ئەو چاخە لەنێو ژناندا نەمایەتەوە ئێستە دژی ئەم سیستەمە بەرخۆدانیان نەدەکرد، گوتی: "بەڵام ئێستە پەراوێزخستنی ژنان هەیە، ژنان بە هەموو جۆرێ دەکرێنە ئامانج. هەموو بەرهەمێکی ژن وەک بەرهەمی پیاوان پیشان دەدرێن. ڕەنجی ژنان وەک ڕەنجی خۆیان نیشان دەدەن. بۆیە لەم ڕۆژەدا ژن بەرخۆدانی هەبوون و چاند و زمان دەکەن".
پانێڵەکە بە پرسیار و وەڵام کۆتایی هات.
وان
بە بەشداری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی لە وان، بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا، لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "بێ زمان ژیان نابێ" و "زمان شکۆی ئێمەیە" بەرزکرایەوە.
هەروەها ژنان لافیتەی "کوردی دڵی کوردستانە" و "زمانم وڵاتمە" و "کوردی ناسنامەی منە"یان هەڵگرت.
"زمانی کوردی سەرچاوەی سەرەکی ئازادی گەلی کوردە"
بەڕێوەبەری کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و چاند و هونەری ئارسیسا، ئەڤیندار ئاکبوڵوت ڕایگەیاند زمانی کورد لە مێژوودا بۆتە سەرچاوەی ژیانی جڤاکی و چەندین زمان و چاندی جیاواز، گوتی: "زمانی کوردی هەبوون و سەربەخۆیی و شکۆ و ناسنامەی نەتەوەیی کوردانە، چەتری یەکێتی کوردانە. ئازادی زمانی کوردی سەرچاوەی سەرەکی ڕزگاری و ئازادی نەتەوەی کوردە".
ئاکبوڵوت ڕایگەیاند گەلی کورد هەردەم بۆ پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی تێکۆشاوە، بۆ ئەمەش دایکانی کورد و تێکۆشەران و پێشەنگانی کورد دژی هەموو فشارێک تێکۆشاون، تیشکخرایە سەر ڕۆڵی جەلادەت عەلی بەدرخان و هاوڕێکانی لە پاراستنی زمانی کوردی.
وتەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان "زمانی جەستەیە، خاوەنداری لێ بکەن"ـی بیرخستەوە
ئاکبوڵوت وتەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان "زمانی جەستەیە، خاوەنداری لێ بکەن"ـی بیرخستەوە و ڕایگەیاند گەلی کورد بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی کوردستان بەرامبەر هەموو هێرش و داگیرکاری و سیاسەتێکی پەراوێزخستن پارێزگاری لە چاند و زمان و بەهاکانی کردووە.
ئاکبوڵوت تیشکی خستەسەر ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی زمانی کوردی، ڕۆڵی ژنە تێکۆشەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیرەکانی کوردی لە پاراستنی زمان بیرخستەوە، دووپاتی کردەوە پێویستە لەمەودوا ژنان خاوەنداری زیاتر لە زمانی کوردی بکەن، گوتی: "پێویستە ژیانێکی ئازاد بە زمانی خۆمان بنیات بنێین، لەبری ئەوەی تەنها بڵێین "خاوەنداری لە زمانی دایکمان دەردەکەوین"، پێویستە هاوکات بڵێین "خاوەنداری لە زمانی ژن، ژیان ئازادی دەکەین".
"بە کوردی بدوێن و بنووسن و بیربکەنەوە"
ئاکبوڵوت ڕایگەیاند بە ئامانجی بەرزکردنەوە و فراوانکردنی تێکۆشان دژی گۆشەگیری سەر زمانی کوردی وەک بەشێک لە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گۆشەگیری سەر ژنان، چالاکی جیاواز ئەنجام دەدەن، بەبۆنەی ٩٢ هەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری هاوارەوە، جەلادەت عەلی بەدرخان و هاوڕێکانی بیرهێنایەوە و جەژنی زمانی کوردی لە تەواوی گەلی کورد و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو ژنان و دایکان و تێکۆشەران و خەمخۆر و خەباتکار و عاشقانی زمانی کورد پیرۆزکرد، بانگەوازی کرد بۆ تێکۆشانی زیاتر لەپێناو پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی، گوتی: "پێویستە هەموو جێیەک بکەینە قوتابخانە و زانکۆی زمانی کوردی، لە هەموو شوێن و کاتێک بە کوردی بدوێین و بە کوردی بنووسین و بە کوردی بخوێنین و بە کوردی بژین، ژن ژیان ئازادی".