لە کۆبوونەوەی دەم پارتی و جەهەپە پەیامی "چارەسەر" دووپاتکرایەوە

هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان لەگەڵ سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بۆ چارەسەری پرسی کورد پەیام درا.

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان تیشکی خستەسەر گفتوگۆکان دەربارەی پرسی کورد، دووپاتی کردەوە، جەهەپە دەتوانێت لە چارەسەردا ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت و گوتی: "باوەڕمان وایە ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت".

هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئۆزگور ئۆزەل کۆبوونەوە.

پاشان لە ناوەندی گشتی جەهەپە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجامدرا.

باقرخان ڕایگەیاند جەهەپە پارتی دامەزرێنەری تورکیا و پارتێکی خاوەن ڕابردوو و نەریت و میراتێکی قووڵە، جەختی کردەوە لە دامەزراندنی کۆماری تورکیادا، تورک و کورد و گەلانی دی زەحمەتێکی زۆریان کێشا و تێکۆشانێکی دژواریان کرد و ڕێککەوتنیان ئەنجامدا، دەستووری ساڵی ١٩٢١ بۆ ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە گرنگییەکی مەزنی هەبوو. گوتی: "بەڵام بە تێپەڕینی کات، هەم ڕێککەوتنی مێژوویی کورد_تورک و هەم تەواوی تێگەیشتنەکانی نیو دەستووری ١٩٢١ نکۆڵیان لێ کرا و ڕەتکرانەوە. کێشەکە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، کەس سوودی لێ نەبینیووە. لەبەرئەوەی ئەوە سەدەیەکە پرسی کورد چارەسەر نەکراوە، ئابووری و وزەی ئەم وڵاتە بەرەو کەناڵی تر بەفیڕۆ دەدرێت".

باقرخان ڕایگەیاند جەهەپە دەتوانێت بە زانین و ئەزموونی لەمێژینەی ڕۆڵی گەورە بگێڕێت لە چارەسەری پرسی کورددا، ئێمەش بڕوامان وایە ئەم ڕۆڵە دەگێڕێت، تیشکی خستەسەر گرنگی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان و ڕایگەیاند پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە قەیوم بووە، گوتی: "قەیوم لە تورکیا پەیتا پەیتا خەریکە دەبێتە ڕژێمێکی بەڕێوەبردن. جاران قەیوم تەنها لە شارەوانییەکانی دەم پارتی دادەنران، ئێستە بۆ شارەوانییەکانی جەهەپەش دادەنرێن".

باقرخان دەربارەی داواکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند، هێشتا وەڵامیان بەدەست نەگەیشتووە و چاوەڕێی وەڵامێکی ئەرێنی دەکەن.

"ئامادەین ڕۆڵ بگێڕین"

ئۆزگور ئۆزەل ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر دانانی قەیوم، جەختی کردەوە دەبێت پرۆسەی سیاسی لە پەرلەمان بەڕێوەبچێت و نابێت هیچ پارت و بەشێکی کۆمەڵگە دووربخرێنەوە، لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییدا پێویستە هەموو بەشە چەوساوەکانی کۆمەڵگە لەبەرچاو بگیرێن.

ئۆزەل ڕایگەیاند چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لەماوەی ٤٠ ساڵدا زیانی گەورەی مادیی و مەعنەویی بە تورکیا گەیاندووە، بەڵام دەکرێت ئەم پرۆسەیە بگۆڕێت بۆ پرۆسەی ئاشتی کۆمەڵایەتی، گوتی: "ئەمە بە قازانجی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەیە. تورکیا لە چەندین مەترسی نێو پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ڕزگار دەکات. لەم ڕووەوە، لە یەکەم ڕۆژەوە تا ئێستە، هیچ لە هەڵوێستمان نەگۆڕاوە. ئێمە وڵاتێکمان دەوێت، هەمووان تێیدا بژین و یەکسان بن و بە یەکسانی بژین، لەم پێناوەشدا بۆ هەموو هەنگاوێک ئامادەین.

بەهیوام هەموو لایەنە سیاسییەکان ڕەچاوی یەکتر بکەن و لەسەر بناغەیەکی گونجاو پێکەوە دیالۆگ بکەن و پرۆسەیەکی بەنرخ بەڕێوەبچێت".