لە ورمێ و سەڵماس ٦ زیندانی لە سێدارەدران
لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئێران لە ورمێ و سەڵماسی رۆژهەڵاتی کوردستان ژنێک و پێنج پیاو لە سێدارەدران، لە نەیشابوریش ژنێکی دیکە لەسێدارەدرا.
لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئێران لە ورمێ و سەڵماسی رۆژهەڵاتی کوردستان ژنێک و پێنج پیاو لە سێدارەدران، لە نەیشابوریش ژنێکی دیکە لەسێدارەدرا.
بەپێی هەواڵێکی تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە ١٨ی ئایار لە زیندانەکانی ورمێ و سەڵماس سزای لەسێدارەدانی پەروین موسەوی، ئەسغەر حاجی زادە، رامین لەوەندپور، پەرویز قاسمی، مەنسور ناسری و یوسف سەعیدی جێبەجێکراوە، کە پێشتر بە هۆی دۆسیەی پەیوەست بە "ماددە هۆشبەرەکان ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات وەک رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانیش بڵاویکردووەتەوە، ئەمرۆ لە زیندانی نەیشابور ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی فاتمە عەبدوڵاهی بەتۆمەتی کوشتن سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و لە زیندانی قومیش زیندانییەک بەناوی ناسر عەتارود کە تۆمەتباربوو بە کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارەدراوە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٢٣ کەس لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدراون، کە ١٠ کەسیان ژن بوون.
لە دوای سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی وەک چالاکوانانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان باسی دەکەن، بەمەبەستی چاوترساندنی کۆمەڵگا، دەوڵەت جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی بە شێوەیەکی کەمتر بینراو زیاد کردووە.
ساڵی ٢٠٢١ لانیکەم ٣٣٣ کەس لە ئێران لەسێدارەدرابوون، ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ ٥٨٢ و لە ساڵی ٢٠٢٣شدا بۆ ٨٣٤ کەس بەرزببووەوە.
کورد و بەلوچ وەک دوو پێکهاتەی نەتەوەیی لەئێران کە زۆرینەی قوربانیانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییان پێکدەهێنا، لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیشدا بە هەمان شێوە زۆرینەی لەسێدارەدراوەکان لەو دوو پێکهاتەیەن.
هـ . ب