لە ئیتاڵیا نامە بۆ سی پی تی نێردرا

دەیان کەسایەتی و دامەزراوەی ئیتاڵی، لەنێویاندا سیناتۆر و پەرلەمانتار و پارتە سیاسییەکان و نووسینگە یاساییەکان، نامەیەکیان بۆ سی پی تی نارد و بانگەوازیان کرد دژی گۆشەگیری ئیمراڵی ڕێکار بگرێتەبەر.

نامە بۆ سی پی تی

نامەیەک بە واژۆی پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە یاساییەکان و سیناتۆر و پەرلەمانتار و ڕۆژنامەوان و نووسەر و پارێزەرانی ئیتاڵی، لەلایەن کۆمیتەی "ئیتاڵیا کاتی هاتووە: ئازادی بۆ ئۆجالان" نێردراوە بۆ د. ئالان میشێل سەرۆکی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجە (سی پی تی). بانگەواز لە سی پی تی کراوە بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێ بکات. هەروەها بێجگە لە نامەکە، بڕیاری دادگای ڕۆما سەبارەت بە قبووڵکردنی مافی پەنابەرێتی سیاسی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ د. ئالان میشێل نێردرا.

لە نامەکەدا ئاماژە کراوە بە هەلومەرجی سەختی گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتراوە: "بەم گۆشەگیرییە نایاسایی و نامرۆڤانەیە، ڕێگە بە ئۆجالان نادرێت لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی کۆببێتەوە، بەتەواوەتی پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە پچڕاوە. هیچ زانیارییەک دەربارەی ئۆجالان بەردەست نیە".

ئاماژە بەوە کراوە ئەم گۆشەگیرییە بەنیسبەت گەلی کوردەوە پرسێکی زۆر هەستیارە.

داوا لە سی پی تی کراوە تیمێکی پسپۆڕ سەردانی ئیمراڵی بکات و دەوڵەتی تورک ناچار بکەن بۆ ئەنجامدانی دیدارێکی ئازاد و تایبەت لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

لەکۆتاییدا داوا کراوە بۆ ئەنجامدانی دیدار و زانینی ڕەوشی تەندروستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شاندێک بنێرنە ئیمراڵی و دەڵێت: "تورکیا هان بدەن ڕێگە بە دیداری پارێزەران و بنەماڵە بدات. ئەم پرسە بە ملیۆنان کوردەوە گرێدراوە و دەبێتە هاوکارییەک بۆ چارەسەری کێشەکانی مافی مرۆڤ. هاوکات ڕۆحییەتی پێویست بۆ دانوستان لەپێناو چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە تورکیا، نوێ دەکاتەوە".