لە زوریخی سویسرا هێرشەکانی سەر مەخمور ئیدانە کران

هێرشکردنە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور لە شاری زوریخی سویسرا بە رێکخستنی چالاکییەک ئیدانە کرا.

هێرشەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بۆ سەر کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور)، کە لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە لە شاری زوریخی سویسرا بە رێکخستنی رێپێوانێک ئیدانە کرا.

کوردستانیان لەسەر داوای ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد و لە چوارچێوەی هەڵمەتی "لە دژی داگیرکەری و پاکتاوکردن هەموو شوێنێک ئاڤاشین، مەتینا و زاپە، کات کاتی ئازادییە" لەگەڵ هێزە دیموکراتیکەکانی سویسرا و هێزەکانی تێکۆشانی یەکگرتوو چالاکییەکیان رێکخست.

چالاکییەکە لە باهنهۆف پلاتز بە خولەکێک رێزگرت دەستی پێکرد. لە چالاکییەکەدا عەلی شیمشەک هاووتەبێژی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە سویسرا رایگەیاند، "ئێمە بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە ئەوروپییەکان، کە بۆ بەرەژەوەندیی خۆیان پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک دەکەن، قبوڵ ناکەین. بۆ ئەوەش ئێمە ئەرکەکانمان لە هەموو بەرەکانی بەرخوداندا و لە هەموو شوێنێکدا بەهێز دەکەین".

دوای چالاکییەکە راگەیاندراوی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە ئەوروپا / KCDK-E) لەبارەی کوشتار و داگیرکەری بڵاوکرایەوە و چالاکییەکە بە وتنەوەى دروشم کۆتایی پێهات.

ژ.ت