بە دیمەن

مافناسان بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێیان شەرمەزار کرد

ڕێکخراوە یاساییەکان بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێیان شەرمەزار کرد و گوتیان: "دان بەم بڕیارانەدا نانێین و دژی تاریکی تێدەکۆشین".

مافناسان بڕیاری دۆزی کۆبانێیان شەرمەزار کرد

کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) و کۆمەڵەی مافناسانی هاوچەرخ (چەهەدە) و مافناسان بۆ دادپەروەری و مافناسان بۆ دیموکراسی بۆ شەرمەزارکردنی بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێ، لەبەردەم دادگای ئیستەنبوڵ لە چاگلایان ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.

چەندین پارێزەر و نوێنەری ڕێکخراوەکان بەشداربوون و درووشمی "کۆبانێ نەکەوت و ناکەوێت" و "بژی بەرخۆدانی کۆبانێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "دژی فاشیزم یەکبگرن"یان بەرزکردەوە.

بەڕێوەبەری لقی ئۆهەدەی ئیستەنبوڵ، ڕوکەن کالن ڕایگەیاند ئەم بڕیارە لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دراوە و سیاسییە، هەوڵێکە بۆ سەپاندنی بناغەی ڕژێمی تاکەکەسی، ئاماژە بەوە کرا ئەو سیاسەتی نکۆڵی و پاکتاوەی لە سەدەی یەکەمی کۆمار هەوڵدەدرا لەڕێگەی دادگای ئیستقلالی شەرقەوە بەسەر گەلی کورد بسەپێنرێت، ئێستە لە سەدەی دووەمی کۆمار دەخوازرێت لەڕێگەی دۆزی کۆبانێوە درێژەی پێ بدرێت.

کالن ڕایگەیاند دژی بەربەریزم و تاریکی داعش بەرگری لە ئازادی و ڕووناکی دەکەن، دان بەم بڕیاراندا نانێن و دژی تاریکی تێدەکۆشن.