مانگرتنی زیندانیان لە دژی گۆشەگیری لە ٤٠هەمین رۆژدایە

زیندانیانی سیاسی بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیان بە چالاکیی مانگرتن کردووە و ماوەى ٤٠ رۆژە لە مانگرتنەکەیان بەردەوامن.

بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئازادییان، زیندانیانی سیاسی لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە لە زیندانەکاندا دەستیان مانگرتنی بێسنوور کردووە. مانگرتوەکان ئەمڕۆ لە ٤٠هەمین رۆژی مانگرتنەکەیاندان و رایانگەیاند، تاوەکو کۆتایهێنان بە گۆشەگیری درێژە بە چالاکییەکەیان دەدەن.

لەو کاتەوە مانگرتنەکە دەستیپێکردووە تاوەکو ئێستا ٨ دەستەی مانگرتوو بەشداری چالاکیی مانگرتنەکە بوون و هاوکات گوشارەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر زیندانەکان زیادیکردووە.

بەرپرسانی زیندانەکان هەڵدەکوتنە سەر قاوشی زیندانەکان و سزای دیسیپلین و قەدەغەکاری بەسەر زیندانییەکاندا دەسەپێنن و هەوڵ دەدەن بەو کارانەیان گوشار لەسەر زیندانییەکان دروست بکەن تاوەکو مانگرتنەکەیان بشکێنن.

 چالاکیی مانگرتن بڵاوبووەتەوە

لە کامپی مەخمور لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە دەستکراوە بە چالاکیی مانگرتن. چالاکیی مانگرتنەکە لە دەزگای بنەماڵەى شەهیدانی مخمور ماوەى ١٩ رۆژە بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی ورد بەردەوامە.

هەروەها لە کامپی لاڤیرۆ لە وڵاتی یونان چالاکیی مانگرتن بە پێشەنگایەتی ٨ کەس دەستیپێکردووە. چالاکیی مانگرتنەکە بە بەشداریی بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و بزووتنەوەى ژنانی گەنجی تێکۆشەر و ناوەندی رۆشنبیریی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

هاوکات زیندانیانی حیزبی مارکسیست لنینیست کۆمۆنیست (مەلەکەپە - MLKP) بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکیی مانگرتنی زیندانیانی پەکەکە و پاژک لە رۆژی ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە بۆ ماوەى ٥ رۆژ دەست بە مانگرتن دەکەن. زیندانیانی مەلەکەپە رایانگەیاندووە، پێویستە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کۆتایی پێ بهێنرێت.

ژ.ت