نامەی ژنە گەریلایەکی باشوور لە لووتکەی بەرزی قەندیلەوە بۆ گەلی وڵاتپارێزی باشوور

ڤیان زیلان ژنە گەریلای باشووری کوردستان لە چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە نامەیەک ئاڕاستەى گەلی کورد و بەتایبەتی گەلی باشووری کوردستان دەکات. لە نامەکەیدا داوای یەکڕیزی و بەرەنگاربوونەوەى داگیرکەران و خیانەتکاران دەکات.

ڤیان زیلان ژنە گەریلای باشووری کوردستان لە چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە نامەیەک ئاڕاستەى گەلی کورد و بەتایبەتی گەلی باشووری کوردستان دەکات. لە نامەکەیدا داوای یەکڕیزی و بەرەنگاربوونەوەى داگیرکەران و خیانەتکاران دەکات.

دەقی نامەکەى ڤیان زیلان

پەدەکە بەردەوام نوێنەرایەتی هیڵی خیانەتی کردوە

باشووری کورستان ئەو پارچەیە کە پڕاوپڕە لە داستانی خۆڕاگری و چیرۆکی ئەو قارەمانانەی کە بەرەو رووی داگیرکەری وەستانەوە و سیاسەتی خۆبەدەستەوەدان و توانەوەیان پەسەند نەکرد. داستانی راپەڕینی هەزاران کچ و کۆڕی رۆشنبیر و هۆنەرمەندی پێشمەرگەی وەکوو شەهیدان لەیلا قاسم و فاتێح و مامەڕیشە و دۆکتۆر ئارام و هەزارانی دیکەیە کە بێ گوێدان بە هێچ بەرژوەندییکی مادی، بەس لە پێناو پاراستنی خاکی نیشتمان گیانی خۆیان بەخت کردوو و بۆ ساتێکیش دوو دڵ نەبوون. ئەوان شۆڕشی کوردستانیان تەنیا بە پارچەی باشوورەوە قەتیس نەهێشت و کاتێک دەیان وت کوردستان هەرچوار پارچەیان لە ئامێز دەگرت و سنوورە دەسکردەکانیان دەبەزاند و سنە و سڵیمانی و هەولێر و ئامەد یان کۆبانی و کەرکووک بۆئەوان یاک مانای هەبوو ئەویش کوردستانێکی یەک پارچەبوو.

 لای شۆڕشگێرانی کوردستان سنوور واتای نییە بۆیە شەهید عەلی عەسکەری کاتێک دوای شکانی شۆڕشی ئەیلوول و ئاشبەتاڵەکەی بارزانی، باکووری کوردستان و هەرێمی بەیتوشەبابی کردە مەکۆی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ کوردستان دژی بەعسی داگیرکەر،  بەڵام سەرکردایەتیی ئەو کاتەی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق هەر وەکوو پیشەی هەمیشەیی لە سەر ناو و ناتوورەی جۆراوجۆرەوە ئەم جووڵانەوەیە پێ قەبووڵ نەکراو دژیان راوەستا و شەهیدی کردن. رۆڵەکانی باشوور، کە ئاڵای شۆڕشیان لە دەستی شەهیدان خاڵە شەهاب و دۆکتۆر ئارام و لە قۆتابخانەی شۆڕشی نوێی پەکەکە وەرگرتبوو لەکاتی شۆڕشی رۆژئاوا سنوورە دەسکردەکانیان بەزاند و لە کەسایەتی شەهیدان: کانی هەڵەبجە، گیڤارا و شەهید باکوور بوونە سەمبولی یەکێتیی نەتەوەیی هەرچوار پارچە.

 گەلی ماندوو نەناسی باشوور ساڵانێکی درێژە لە پێناو ئازادیدا برسێتی و هەژاریان چێشت و چەندین قۆناغی پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانیان تێپەڕاند، و  کۆڵیان نەدا و بۆ ئەوەی رۆژێک بە ئازادی بژین بێ گوێدانە بە هیچ ترسێک خۆڕاگرییان نواندووە. ئەوە بوو بە پێشەنگایەتی گەنجانەوە لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ راپەڕینی جەماوەری گەل کە لە هەرێمی ڕاپەڕین و لە بناری قەندیل لە رانیە و قەڵادزێ و بە یەکەم فیشەکی گەریلاکانی پەکەکە دژی سەنگەرەکانی رژیمی سەدام لە هەرێمی باتووفە (دهۆک و زاخۆ) دەستیپێکرد و وەکوو لافاوی بەهار رژێمی داگیرکەری بەعسی لەگەڵ خۆی راماڵی و سرودی ئازادیان خوێند.

 دوای ئەو هەموو خوێنەی کە رژا حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان و پەرلەمان  دامەزرا. ئەو حێزبانەی کە ئەمڕۆ بەناوی حکوومەتی هەرێمەوە قسە دەکەن لە سەردەمی ڕاپەڕیندا هیچیان لە گۆڕەپانەکە هەبوونیان نەبوو و لە ئەنقەرە و تاران و کەرەج  گیرسابوونەوە. ئەو حکوومەت و پارلەمانەی کە بوو بوو بە چروسکەی هیوای گەلی کورد و دەکرا بێت بە ماڵە باوانی شۆڕشی هەرچوار پارچەی کوردستان، بەڵام بە داخەوە لە سەر دەستی ئەقڵیەتی خێڵەکی و بنەماڵەگەرایی ئەو هەموو دەسکەوتانە دەستیان بەسەردا گیرا، کە بەرهەمی خوێنی هەزاران کچ و گەنجی کورد بوو.

 هەروەها لە ئەنجامی ئاوارەیی و چێشتنی برسێتی و سەرما و سۆڵەی بە ملیۆنان ژن و پیاو پیر و منداڵی گەلەکەمان لە باشوور ساز درابوو بەفێڕۆیان دا و هەرێمیان لە پێناو دەست راگرتن بە سەر چەند دەروازەیەکی گۆمرێکی  لەت لەت کرد و شەڕی براکوژییان هەڵگیرساند و سەروەت وسامانی ئەم خاکەیان لەنێو برد.

بە دەستپێکردنی شەڕە پەڕۆ هیوا و ئاواتی گەلی کورد و دۆستانی شکا و دووژمنانیش شادییان گێڕا. سەرخان و بن خانی ئابووری وڵاتیان وێران کرد و بۆ لە ناو بردنی یەکدی کەوتنە پێشبەڕکێ و بە دەستی خۆیان داگیرکەرانیان پەلکێشی ناو خاکی باشوور کرد و لە ٣١ی ئاب دا پەدەکە بە سواری تانکی بەعس پەلاماری هەولێری دا. گەنجانیان تووشی بێ هیوایی کرد و پۆل پۆل وڵاتیان بەجێهێشت و پەرتەوازەی هەندەران بوون. وەکوو مرۆڤێک چۆن لە دەستی نەخۆشی تاعوون رادەکات ئاوا لە دەستی رێوەبەرانی هەرێم و سەرکردە حزبیەکان رایان کرد و خۆیان دا بەنێو ئاوی دەریای ئێژە و بەسەدان کەس نۆقمی ئاو بوون، بێئەوەی تەرمەکانیشیان ببینرێتەوە.

پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق نە رەنگی پارت یان حزبی داوە و نە قەدیش دیموکرات بووە و هیچ کاتیش نەبوەتە کوردستانی. بەردەوام فۆرمی عەشیرە و خێڵی تێپەڕنەکردوە و و لە چاوی ئاغا و دیوەخانەوە سەیری کوردستانی کردوە و هیوا و ئامانجەکانی لە ئاستی داخوازیی سەرۆک خێڵێک دا تێپەڕی نەکردوە. بۆ ئەوان بەرژوەندیی سەرۆک خێڵ و هەرێمی بارزان و سەری رەش گرینگتر بووە لە بەرژوەندی گەلی کوردستان.

 ئەم پارتە  بەردەوام دژە شۆڕش بووە لە کوردستان دا و لە لایەن دەزگا سیخۆڕییەکانی مووسادی ئێسرائیل و سیای ئەمریکا و دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بۆ بەربەرەکانێی شۆڕشی مۆدێڕنی گەلی کورد و لە پیناو پاراستنی بەرژوەندییەکانی ئەواندا  دامەزراوە و ئەمڕۆیش بووەتە داردەستی دەوڵەتی داگیرکەری تۆرکیا بۆ لەباربردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا و تەڤگەری ئازادی بە پێشەنگایەتیی پەکەکە (PKK) .بەردەوام وەکوو قامچی دەستی دووژمنان بوو بۆ لێدانی پشتی کورد.

 تا دوێنێ لە خزمەتی ساواک و دەزگای ئیتلاعاتی ئێران بوو و جارێک سلێمان موعینی شەهید دەکرد و جارجارەش لە مەریوانەوە تاکوو شنۆ دەبوویە چاوساغی سپای پاسداران و مەلاکان و لە ژێر ناوی قیادە موەقەت شەڕی دژی پێشمەرگەی رۆژهەڵات دەکرد. ئەمڕۆیش دژی رۆژئاوا خەندەق لێدەدا و سنوور دەگرێت و دەبێتە جاش و دەکەوێتە بەر ئەرتەشی داگیرکەری تورکیە بۆ سەر سەنگەری هەڤاڵانمان لە هەرێمەکانی زاپ و ئاڤاشین.

 بەشێک لە رێوەبەری پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عراق هەمیشە وەکوو مافیایی شەڕ لە خزمەتی داگیرکەرانی کوردستان دژی بەرژوەندییەکانی گەلی کورد کاری کردوە. هەرلە سەرەتاوە لە ناو خاکی باشوور لە بەرامبەر پارتە سیاسیەکان وەستاونەتەوە و شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساند و دواتر لە ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەوڵیان دا رەوایی بە شەڕی دژ بە پەکەکە بدەن، بەڵام هەر لەو کاتەدا بە پیشەنگایەتی شەهید بێریتان و بەرخۆدانێک کە لە چیای خواکورک بەڕێوەچوو ئەو پلانە مایە پووچ کرایەوە. ئەو پێشمەرگانەی کە لەوسەردەمە پەلکێشی ئەو شەڕە نەخوازراوە کرابوون بە هەڵوێستی شەهید بێریتان، کە وەک تەواری بەرزی چیا بۆ ئەوەی رادەستی دەستی خیانەت نەبێ هەڵۆ ئاسا فڕی و زۆرێک لەو پیشمەرگانە لەو هەڵویستەی شەهید بێریتان شەرمیان لە خۆیان کرد و چەکی خیانەتیان فڕێدایە زەبڵدانی مێژووە و ئەمڕۆیش وەکوو دۆست و لایەنگری پەکەکە لە خزمەتی شۆڕشی کوردستاندان. 

پێویستە گەلەکەمان لە باشوور باش بزانێ و فریوی پڕوپاگەندەی دەزگای راگەیەندنی پەدەکە نەخوات، کە بەردەوام وەکوو دامودەزگاکانی میتی دەوڵەتی تۆرک و بە پارەی نەوتی گەلی کورد لە خزمەتی پلانی داگیرکەراندا دژی پەکەکە پڕوپاگەندە دەکەن.  ئەوان بە نانەوەی ناو ناتۆرە و هەواڵی درۆ خەریکی چەواشەکارین و نەوت بە ئاگری شەڕی ناوخۆدا دەکەن. هەموان باش دەزانن پەکەکە ئەو پارتەیە، کە لە حەفتاکان لەسەر دەستی پۆلێک گەنجی خوێنگەرم و وڵاتپارێزی کوردستان بە ئامانجی ئازادیی گەلی کورد و لە پێناو پێکەوە ژیانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین دامەزراوە و ئەمڕۆ ژن و لاوی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان روویان تێکردوە و لە چیا بەرزەکانی کوردستان زیاتر لە نیو سەدەیە بە قارەمانی تێکۆشان دەکەن و بە سەدان گەنجی باشوور بەشداری ئەو تێکۆشانە بووە، کە نمونەیان شەهیدان ڤیان جاف و دۆکتۆر سیروانە، هەرەدواییش شەهید دیار غەریب کە هاوینی ٢٠١٩ بەدەستی خیانەت و بە فڕۆکەی دەوڵەتی تۆرک شەهید کرا. 

هەتاکوو ئێستا سەدان کچ و کۆڕی باشوور بوونەتە رێبواری ئازادی و بەشداری ئەم بزووتنەوەیە بوون. هەر بەو رەنگەی، کە شەهیدی فەرماندەمان شەهید ڤیان لە لووتکەی چیای حەفتانیین بە بەردانی ئاگر لە جەستەی خۆی ویستی قیبلەی شۆڕشمان پیشان بدات و بە دەنگی بەرز وتی "شۆڕشی باشوور شۆڕشی ژنانە" منیش وەکوو ژنێکی باشوور و شەڕوانێکی شەهید ڤیان لەدەستی دەسەڵاتداری خێڵەکی و دژەژنی باشوور کە ئەمڕۆ بوونەتە نۆکەری داگیرکەران و داڵدەی ژن کوژان، هەڵم کێشاوەتە شاخ و هەنگاوم بەرەو کاروانی ئازادی ناوە و لە ریزەکانی پەکەکە دا لە چیا بەرزەکانی کوردستاندا بە رێبەرێتی رێبەر ئاپۆ ۆ بە ئایدۆلۆژیای ئازادیی ژن، سینگ بە سینگ بەرەنگاری داگیرکەران دەبمەوە، کە تاکە ئاواتمان ئازادیی گەلەکەمانە لە هەرچوار پارچەی کوردستان و بۆ ئەوەش لە هیچ شتێک سڵ ناکەینەوە. شێرکۆ واتەنی گەر گۆڵ بە پیرمانەوە بێت بۆی دەبین بە باخ، کە رەشەبا پیشمان پێبگرێ لێی دەبین بە شاخ.

گەلەکەمان لە باشوور دەبێت ئەوە بە روونی بزانێت، کە ماوەی نیو سەدەیە پەکەکە بە هەڵکردنی ئاگری شۆڕشی نوێی کوردستان لە بەرامبەر هێرشە پاوکتاوکاریەکانی دەوڵەتی تورک بووەتە لەمپەر و نەیهێشتوە دەوڵەتی فاشیستی تورک بگات بە ئاواتەکانی خۆی، کە قڕکردنی گەلی کوردە. هەموان باش دەزانن دوای دروستکردنی داعش و پشتگیریکردنی، کاتێ بەرەو خاکی کوردستان ئاراستەی کرد تاکە هێزێک، کە پەوپەڕی فیداییەوە لە رۆژئاوا و باشوور خۆ نەویستانە بووە پێشمەرگەی راستەقینەی گەل و لەبەرامبەری داعش دا راوەستان هەڤاڵانمان بوون. ئەوان بە فیداکردنی گیانی خۆیان تا دوا دڵۆپی خوێن سەنگەرەکانیان چۆڵ نەکرد و لە بەرامبەر زوحاکی سەردەم دا داستانی کاوەیان زیندوو کردەوە. لە بەرامبەردا ئەوەی رایکرد پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بوو، کە نەتەنیا بەوەش نەوەستا بە فرۆشتنی نەوتی داعش هاوکاریکردن و ئەمڕۆش بە رێگای ئەو چەتانەی کە ناوی خۆیان ناوەتە پێشمەرگەی رۆژ و گوڵان هێرشی سەنگەرکانی ئێمە دەکەن. ئەوان هیچکات پێشمەرگە نەبوون و پێویست دەکات شۆڕشگێڕانی کوردستان و پێشمەرگەی راستەقینە خاوەنداری لە ناوی خۆی بکات و نەهێڵی هێزێکی بە کرێگیراو، کە بۆ پارە خۆیشی دەفرۆشێ ناوی پێشمەرگە، کە سەمبۆلی خۆڕاگری و قارەمانێتیی گەلی کورد بوو لە وەختی تەنگانەدا پیس بکات.

ئەمجارەش دەوڵەتی تۆرکیە کە لەبەرامبەری بەرخۆدانی گەریلاکان تووشی شکست بووە وەکوو پیشەی هەمیشەیی دەستی بە کیمیابارانی چیاکانی کوردستان کردووە و ئەردۆغان کە خۆلیای ئیپراتۆری عۆسمانیی لە سەردایە و دەیهەوێ ببێت بە خەلیفە وەکوو باپیرە جەنگیزخانی مغۆلی دەگاتە کوێ تاڵانی دەکات و دەیسووتێنێت، کە نمونەی تاڵان و بڕینی دارستانەکانی هەرێمی حەفتانینە. بێڕێزی بە لانکەی شۆڕش دەکات و لە ژێرناوی درووشمی پەکەکە "لەنێو دەبەم وکوردیش دەسڕمەوە" پەلامار دەدات. حەیف و سەد مخابن پەدەکەش بووەتە داردەستی ئەم پلانە و چەتەکانی رۆژ و گۆڵان دەنێرێتە سەر سەنگەری گەریلا و لە راگەیاندنەکاندا وەهای نیشان دەدات کە ئەوە پەکەکەیە شەڕ بە پێشمەرگە دەفرۆشێت، کە ئەمەیش بۆ رەوایدانە بە کرداری خیانەتکارانەی خۆی.

وەکوو ژنە گەریلایێک کە ئەمرۆ لەسەنگەری بەرخۆدانی کوردستاندا و لە ژێر ئاڵای یەکگرتووی هەر چوارپارچەی کوردستان گیرسامەتەوە. لەکاتێکدا بانگەوازی گەلەکەمان لە باشووردەکەم کە لەم سەنگەرەدا لەگەڵ هەڤاڵانم لە هەرچوار پارچەی کوردستان سنوورەکانمان بەزاندووە، نەتەنیا دڵە پارچەکراوکەی  باکوور، باشوور ، رۆژهەلات و رۆژئاوامان بە عەشقی نیشتمان پێکەوە دووریوەتەوە  و یەکێتییەکی نەتەوەییمان پێکهێناوە و هاوکات لەگاڵ هەڤاڵانی ئەنتەرناسیۆناڵمان بۆ دروستکردنی نەتەوەی دیمۆکراتیکی  جیهانی، ئازادیخۆازانمان لە سەنگەری کوردستان کۆ کردوەتەوە و ئێستا هەموویان پاڵپستی شۆرشی کوردستانن.

 لەم ساتە وەختەدا، کە  دیار نییە تاوێرە بەردی سەنگەرمان خوێنی رۆلەی کام پارچە سووری دەکات، داوا لەهەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای باشوور، ئەوانەی ئازادیخوازن و خۆشەویستیی وڵاتیان لا گرینگە بە هەموو دامودەزگا و رێکخراوە مەدەنیەکان، کەسایەتیی  رووناکبیر و نووسەر و هۆنەرمەند و سیاسەتمەداران دەکەم، کە وەرنە گۆڕەپان و لە بەرامبەرشەڕی خیانەت ببنە قەڵغان.

 هەموان باش دەزانن شەڕی خیانەت کە پەدەکە لە پیناو بەرژوەندی تورکیا بە پەکەکەی دەفرۆشێت لە خانەی جاشایەتیکردن بۆ داگیرکەراندایە و بە هیچ شێوازێک لە بەرژەوەندیی گەلی کورددا نییە و ماڵوێرانکەرە. بۆیە پێویست دەکەت پارتە سیاسیەکان و راگەیاندنی باشوور و گەلەکەمان بەوپەڕی پەرۆشییەوە سەیری ئەمە بکەن و بۆ ئەوەی تووشی وەها شەڕێک نەبینەوە وەکوو قەڵغان روولە چیا بکەن و ببنە لەمپەر.

 دڵنیام ئیرادەی پۆڵاینی گەلی باشوور، کە نەترسانە لە بەرامبەر ڕژیمی بەعس راوەستان و هەزاران داستانی قارەمەنیان بە وێنەی بەرخۆدانی قەڵای دم دم لە مێژووی خۆیاندا تۆمار کردووە ئەمجارەش دەست لە ناو دەستی یەک دەوڵەتی داگیر کەری تورک وەدەردەنێین و کۆتایی بە خەتی خەیانەت دەهێنین. هەر چۆن بەرخۆدانی گەلی شێلادزێ پاشەکشەی بە دەوڵەتی تورک کرد پێویستە بەشەکانی دیکەش بەم ئەرکە مێژووییە هەڵسن.

 دووژمنان  لە یەکڕیزیی گەلی کورد ترساون و مافیای پەدەکە، کە بووەتە بازرگانی شەڕ لە خۆشەویستیی گەلی باشوور بۆ پەکەکە بێزار و عاجزە و بەردەوامیش هەوڵی درووستکردنی ئاژاوە دەدات تا درز بخاتە ناو ئەم خۆشەویستییە. دڵنیام بە یەکڕیزیی گەل و گەریلا  پێکەوە کوردستانێکی ئازاد مسۆگەر دەکەین و خەتی خیانەت دەسڕینەوە و لە بەرامبەر ئەوانەشدا، کە هەوڵ دەدەن لە سەر ناوی قەدەری کورد پەکەکە وەکوو بیانووی ئەم شەڕە دەستنیشان بکەن و ملکەچی تەسلیمیەتی بکەن ئەڵێین: ئێمە هەڵوەکانی زاگرۆس رانەهاتوین بەنیشینەوە،  پەروەردە کراوین بۆ بەرخۆدان و فڕین بەرەو بەرزایی ، چوون دڵنیاین هەر نیشتنەوەیەک خۆ بەدەستەوەدان و دەستەمۆبوون بەشوێن خۆیدا دەهێنێت. سڵاو و رێزی شۆڕشگێڕی خۆم و هەڤاڵانم لە لووتکەی شاخەوە لە سەنگەری بەرخۆدان پێشکەش بە ئێوەی گەلی وڵاتپارێزی باشوور دەکەم.

بمرێ خەتی خیانەت

بژی بەرخۆدانی گەل

ڤیان زیلان

١١/٦/٢٠٢١