نەزلیهان شەدال: دەزانین ئەمە بەرئەنجامی بەرگەنەگرتنی بردنەوەی ١٤ شارەوانییەکەیە

هاوسەرۆکی شارەوانی وان نەزLیهان شەدال ئاماژەی بەوەکرد لە ٣١ی ئادار هەر ١٤ شارەوانییەکان بردەوە و گوتی: “دەزانین ئەم کارانە بەرئەنجامی بەرگەنەگرتنی بردنەوەی ١٤ شارەوانییەکەیە”.

دوای دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی میکس ڕاستەوخۆ پۆلیسی تورک چوونە نێو شاروانی و بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش ڕێگەیان گرت. لە بەردەم بینای ناوچەی دەم پارتی بە بەشداری گەلێک کەس کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا. هاوسەرۆکی شارەوانی میکس نەباهەت بەنەک لە چالاکییەکەدا گوتی: "لە مێژوودا هیچ شتێک بۆم ئەم ناوچەیە نەکراوە. بە دانانی قەیوم دەستیان بەسەر ئیرادەی گەلدا گرت، سبەی سندووقەکانی دەنگدان دادەنرێن و دیسان گەل ئێمە هەڵدەبژێرن و ئێوەش دیسان شکست دەهێنن".
هاوسەرۆکی شارەوانی ئایڤاز حازریش گوتی: "دەبێت هەمووکەس بزانێت ئەمە ئیرادەی ناوچەیەکە. میکس تەنها شارەوانییەک نییە. لەمەوداش هاوشانی گەلەکەمان خەبات دەکەین. هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازین".
هەروەها هاوسەرۆکی دەم پارتی وان وەیسی دیلەکچی گوتی: "گەلی ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ ی ئادار سەرەڕایی فشار و توندوتیژی دەوڵەت لە سەرانسەری وان  ١٤ شارەوانی بردەوە. ئێوە بەم سیاسەتە کێشە قووڵتر دەکەنەوە".
هاوسەرۆکی شارەوانی وان نازلیهان شەدال گوتی: "ئەمڕۆ ئیرادەی گەل، گەنجان و ژنان دەستی بەسەردا دەگیرێت.  لە ٣١ ئاداردا هەر ١٤ شارەوانییەکەمان بردەوە و وانەیەکی مێژوویمان پێدان. دەزانین ئەم کارانە بەرگەنەگرتنە لە بەرانبەر بردنەوەی ١٤ شارەوانییەکە. هەر شتێک کە ئاکەپە ناتوانێت بە هەڵبژاردن بەدەستی بهێنێت، هەوڵدەدات بە دەستبەسەرداگرتن و دزی بە دەستی بهێنێت. پاش دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی پانکارتی "ڕێگە بە داگیرکاری نادەین"یان داگرت. داواکارین گەل ناڕەزایەتی دیموکراتیکی خۆیان نیشان بدەن، خاوەندارێتی لە ئیرادە و ماڵی خۆیام بکەن. بێگومان سەردەکەوین، قەیوم دەچن، گەل دێن".