پەدەکە سیاسەتمەدارێکی باکووری بە دەست و چاو بەستراوی رادەستی دەوڵەتی تورک کرد

ئاسایشی پەدەکە سیاسەتمەدارێکی خەڵکی باکووری کوردستانی، کە لەژێر فشارەکانی دەوڵەتی تورک هاتبووە باشووری کوردستان، دوای ١٩ مانگ لە زیندانیکردنی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردەوە.

 “عومەر بارتان” تەمەن ٤٨ ساڵ خەڵکی ناوچەی تاتوانی سەربە شاری بەدلیسی باکووری کوردستانە و بەهۆی کارە سیاسییەکانییەوە لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکرابوو و ١٢ ساڵ لە زیندان مابووەوە، دوای زیندانەکەش دۆسیەیەکی دیکەش لەسەری دەکرێتەوە و دەوڵەتی فشاری دەخاتەسەر، بۆیە لە حوزێرانی ساڵی ٢٠١٩ بە ناچاری ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات.

عومەر بارتان کە لە هەولێر دەمایەوە، ٣ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٩، دوای مانگێک مانەوە لە باشوور، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیر دەکرێت و بەپێی ئەو زانیارییانەی خانەوادەکەی ئاشکرایان کردووە، لە ڕۆژێکەوە دەستگیرکراوە هیچ زانیارییەکی لێی دەستنەکەوتووە، هیچ زانیارییەکیش بە خانەوادەکەی نەدراوە.

ڕۆژی ٢٨ی مانگی ١ی ٢٠٢١، دەوڵەتی تورک بە خانەوادەکەی ڕاگەیاندووە کە “عومەر لە کاتی پەڕێنەوەی لە سنوور دەستگیر کراوە”، ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگەش عومەر لە زیندانی دەوڵەتی تورکەوە، لە شاری شرناخی باکووری کوردستان، تەلەفۆنی بۆ خانەوادەکەی کردووە و باسی بەسەرهاتەکەی بۆ خانەوادەکەی کردووە.

فشاری خرایەسەر کە سیخوڕی بکات، قبوڵی نەکرد سنوورداش کرا

بەپێی ئەو زانیارییانەی خانەوادەی عومەر بە ئاژانسەکەمانیان داوە، ئەو سیاسەتمەدارە باکوورییە لە هەولێر دەستگیرکراوە و ڕووبەڕووی هەڕەشە و فشار بووەتەوە، هەروەها فشاری خراوەتەسەر تا سیخوڕی بکات.

عومەر بارتان بە خانەوادەکەی وتووە؛ بەهۆی ئەوەی قبوڵی نەکردووە سیخوڕیی بۆ ئاسایش بکات، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ١ی ٢٠٢١، بە دەستی کەلەبچە کراو و بە چاوی بەستراو براوەتەسەر سنووری باکووری کوردستان و لە سنووری ئیبراهیم خەلیل، بەدەست و چاوی بەستراو دەرسنوور کراوە، هەرچەند بە فەرمی ڕادەستی دەوڵەتی تورک نەکراوە.

بارتان بە خانەوادەکەی وتووە؛ دوای ئەوەی ئاسایشی پەدەکە ئەویان فڕێداوەتە سنووری باکووری کوردستان، لەلایەن پۆلیسی تورکەوە دەستگیرکراوە و دوای لێپرسینەوە براوەتە دادگا و لەوێش بۆ زیندانی شرناخ.

سێ دۆسیەی دیکەی لەسەرە

عومەر بارتان ئێستا لە زیندانی دەوڵەتی تورک لە شرناخ دایە و سێ دۆسیەی دیکەی لەسەر کراوەتەوە، جگە لەوەی پێشتر ١٢ ساڵ زیندانی کراوە، ئەگەر ئەو سێ تۆمەتەی دیکەی پشتڕاست بکرێتەوە، ماوەیەکی درێژ زیندانی دەکرێت.

ف.ق