پەرلەمانتاری شین فەین: پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت

پەرلەمانتاری شین فەین، فرانسی مۆلۆی لەگەڵ پارێزەری نووسینگەی یاسایی سەدە مەزڵوم دینچ کۆبووەوە، ڕایگەیاند هەڵوێستی شین فەین بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕوونە و گوتی: "پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت".

ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان

لە پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە، مەزڵوم دینچ بۆ بەشداربوون لە کۆبوونەوەی دیپلۆماسی و سیمپۆزیۆمی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی، ڕوویکردە لەندەن، لەوێ لەگەڵ پەرلەمانتاری شین فەین، فرانسی مۆلۆی لە پەرلەمانی بەریتانیا کۆبووەوە.

مەزڵوم دینچ ڕەوشی یاسایی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بۆ مۆلۆی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەرچاوەی نیگەرانی جدییە، گوتی: "پێویستە دەمودەست ئەم گۆشەگیرییە ڕەها و نایاساییە کۆتایی بێت. بۆ ئەمەش فشارێکی دیموکراتیکی نێونەتەوەیی بکرێت و کۆتایی بەم ڕەوشە نایاساییە بهێنرێت، پێویستە هەموو هێزە دیموکراتیکەکان لەم ڕووەوە هەستیاربن. دەسپێکردنی هەوڵێکی کاریگەر، ڕێگە بۆ ئاشتی جڤاکی و دیموکراسی دەکاتەوە".

پەرلەمانتار مۆلۆی دڵخۆشی خۆی بە کۆبوونەوەکە دەربڕی و لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو)، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

مۆلۆی گوتی: "شانازی دەکەم لەگەڵ پارێزەری عەبدوڵا ئۆجالان کۆبوومەوە. ئۆجالان ٢٥ ساڵە لە زیندانە. ٣٨ مانگە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵدا نەگیراوە. ئەمە مایەی قبووڵکردن نییە. هەڵوێستی شین فەین ڕوونە؛ پێویستە دەمودەست ئۆجالان ئازاد بکرێت".