ڕێپێوان لە چەند شارێک بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە: خاوەنداری لە زمانەکەمان دەکەین

بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە، لە چەندین شار ڕێپێوان ئەنجامدرا و ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. لە چالاکییەکان پەیامدرا بۆ خاوەنداری لە زمانی کوردی.

چالاکییەکانی جەژنی زمانی کوردی

جەلادەت عەلی بەدرخان بەهۆی فشارەوە وەک دوورخراوەیەک چووە سوریا، لەگەڵ دەستەیەک ڕۆشنبیری کورد لە ١٥ ی ئایاری ١٩٣٢ گۆڤاری هاواریان دەرکرد، کە وەک "لەدایکبوونەوە"ی زمانی کوردی لێی دەڕوانرێت. کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ساڵی ٢٠٠٦، ڕۆژی ١٥ ی ئایاری وەک "جەژنی زمانی کوردی" ناساند، ئەمساڵ ئەم ڕۆژە لە چەند شارێک ڤە چالاکی جیاجیا پیرۆزکرا، داخوازی هاوبەشی چالاکییەکان ئەوە بوو: "زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی و پەروەردە".

ئامەد

کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) و کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لەبەردەم دادگای ئامەد ڕاگەیاندراوێکیان خوێنرایەوە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی زمانی کوردی نووسینگەی ئامەد، محەمەد فیدان ڕایگەیاند پێویستە هەموو کەس لای خۆیەوە خاوەنداری و پارێزگاری لە زمانی کوردی بکات.

فیدان داوای کرد لە دەستووری نوێدا دان بە زمانی کوردیدا بنرێت، داوای لە پەرلەمان و بەرپرسانی دەوڵەت کرد کۆتایی بە سیاسەتی پەراوێزخستنی زمانی کورد بهێنن و دان بە زمانی کوردیدا بنێن.

ڕحا

لقی ئۆهەدەی ڕحا، لەبەردەم دادگای ڕحا ڕاگەیاندراوی خوێندەوە.

ئەندامی کۆمیسیۆنی زمانی دایک لە نووسینگەی ڕحا، سەعدەت گول ڕایگەیاند زمانی کوردی هێشتا لە هەموو جێیەک قەدەغەیە و نەبۆتە زمانی پەروەردەی فەرمی، داوای کرد سیاسەتی پەراوێزخستنی زمانی کوردی کۆتایی بێت و وەک زمانی فەرمی قبووڵ بکرێت.

وێرانشار

ڕێکخستنی دەم پارتی لە وێرانشار لەبەردەم بیناکەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەست. ئەندامی دەم پارتی ڕومەت ڕحا ئایدن داوای کرد هێرشەکانی سەر زمانی کوردی بوەستێنرێن و ڕایگەیاند تا کۆتایی و لە هەموو جێگەیەک درێژە بە تێکۆشان دەدەن لەپێناو ژیاندنەوەی زمانی کوردی.

ئیستەنبوڵ

لقی ئیستەنبوڵی ئیهەدە لەبەردەم دادگای ئیستەنبوڵ کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بەست. ئەندامی ئۆهەدە ئیحسان ئایتوچ دەقی ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە. ڕایگەیاند وەک ئۆهەدە کەمپەین دەست پێ دەکەن بۆ بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی.

ئێلح

لقی ئێلحی ئۆهەدە و نووسینگەی پارێزەرانی ئێلح ڕاگەیاندراوێکیان لەبەردەم دادگا خوێندەوە، ئەندامی ئۆهەدە مەد ڕزگار ئاکمان ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە ڕایگەیاند هێشتا کوردی و زمانی کوردی و چاندی کوردی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دانی پێدا نەنراوە، سیاسەتی نکۆڵی و ئاسیمیلاسیۆن بەردەوامە، ملیۆنان مناڵی کورد ناتوانن زمانی خۆیان بخوێنن، شانۆ و کۆنسێرت و فیلم و هەموو چالاکییەک بە زمانی کوردی قەدەغە دەکرێت، لە دامودەزگاکان دان بە زمانی کوردی نانرێت، لە پەرلەمان وەک "زمانێکی دان پێدا نەنراو" پێناسە دەکرێت، داوای لە پەرلەمان و بەرپرسان کرد دەست لە سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن هەڵبگرن، دان بە کورد و زمانی کوردی بنێن.

هەروەها چەندین ڕێکخراوی مەدەنی بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی چاند و لێکۆڵینەوەی زمانی ئاری (ئاری-دەر) ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە، هاوسەرۆکی ئاری-دەر، مەزڵوم تەنها ڕایگەیاند زمانی کوردی زمانێکی بەنرخ و دێرین و دەوڵەمەندە و گوتی: "ئازادی زمانی کوردی، ئازادی گەلی کوردە. ئەمساڵ بە درووشـمی "هەردەم کوردی، لە هەموو جێیەک کوردی" بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر زمان کە بەشێکە لە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان، چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین".

مێرسین

لە مێرسین ئۆهەدە و ئیهەدە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان لەبەردەم دادگای مێرسین خوێندەوە، ئەندامی ئۆهەدە شیلات تورک گوتی: "زمانەکەمان هەبوون و ناسنامە و شکۆی ئێمەیە. بۆیە دەبێت هەموومان خاوەنداری و پارێزگاری لە زمانەکەمان بکەین. ئەمە لە ئەستۆی هەموومانە".

تورک ئاماژەی بەوە کرد لە چەندین وڵاتی دونیادا، زمانی فەرمی جیا جیا هەن، تەنانەت لە کازاخستان فێربوونی زمانی کوردی قبووڵکراوە، داوای لە پەرلەمان و بەرپرسان کرد دەست لە سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن هەڵبگرن، دان بە کورد و زمانی کوردی بنێن.

ئەنقەرە

لقی ئەنقەرەی ئۆهەدە لەبەردەم دادگای ئەنقەرە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. ئەندامی ئۆهەدە دیلان دەنیزهان ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند هەموو گەل و تاکێک مافی ئەوەی هەیە بە زمانی خۆی پەروەردە بکرێت. پاشان ئەندامی ئۆهەدە شەڤین کایا ڕایگەیاند، وەک پارێزەران کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆیان دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی کوردی ببێتە زمانی فەرمی.

وان

لە وان کۆمەڵەی زمان و چاند و هونەری ئارسیسا (ئارسیسا) و ئیهەدە و تەژەئا و گۆڤاری دەستار و هەدەپە و دەبەپە و دەم پارتی و کۆمەڵەی ڕەنج و دیموکراسی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان خوێندەوە. لە چالاکیەکەدا گوترا: "فاشیزم شەرمەزار دەکەین، پاشەکشە لە تێکۆشانی زمان ناکەین".

هەروەها کۆمیسیۆنی زمانی کوردی نووسینگەی پارێزەرانی وان و کۆمیسیۆنی زمان و چاند و هونەری ئۆهەدە لەبەردەم دادگا ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. تێیدا جەختکرایەوە فێربوون و پەروەردە بە زمانی زگماکی، مافی هەر نەتەوە و تاکەکەسێکە.

ئەرزەڕۆم

بەم بۆنەیەوە ڕێکخستنی دەم پارتی ئەرزەڕۆم لەبەردە بینای خۆی ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. پەرلەمانتاری دەم پارتی مەرال دەنیش بەشتاش داوای کرد ئاستەنگی بەردەم زمانی کوردی و هەموو زمانەکان هەڵبگیرێت و ڕایگەیاند زمان هەبوون و ناسنامە و مێژووی مرۆڤەکانە.

موش

لە موش بەبۆنەی ١٥ ی ئایارەوە ڕێپێوان کرا و ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. لەبەردەم شارەوانی موش، پەرلەمانتاری دەم پارتی سەلامەدین یەڵمەز قسەی کرد، هەروەها لە ناوچەکانی گمگم و ملازگر ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە.

جولەمێرگ

لە جولەمێرگ و ناوچەکانی ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. لە جولەمێرگ لەبەردەم بینای دەم پارتی، هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە قادر شاهین گوتی: "زمانی کوردی هەبوونی گەلی کوردە، ناسنامە و شکۆ و ناسنامەی نەتەوەییە". درووشمی " بێ زمان ژیان نابێ" بەرزکرایەوە و بڵاوکراوەکان لەنێو شاردا دابەشکران. پاشان لەبەردەم بینای پارتەکە گۆرانی کوردی و هەڵپەڕکێ کرا.

بەهەمانشێوە لە ناوچەی گەڤەر و شەمزینان ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە و داواکرا زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی.