پارتی ئیسلامیی کوردستان (پیک) بڕیاری دادگای دەربارەی دۆزی کۆبانێ شەرمەزار کرد، گوتی: " ئەردۆگان تۆڵەی شکستی داعش لە سیاسەتمەدارانی کورد دەکاتەوە. لە مێژووی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا هەردەم بەرامبەر ڕێبەر و سیاسەتمەدارانی کورد سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردن بەڕێوەچووە و هێشتاش بەردەوامە".
پیک ڕایدەگەیەنێت دەوڵەتی تورک هەزاران ڕێبەر و سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوان و نووسەر و هەزاران کوردی خستۆتە زیندان و لە دامەزراندنیەوە سیاسەتی نکۆڵی و پاکتاوکردن بەرامبەر گەلی کورد ئەنجام دەدات، دەڵێت: "دەوڵەتی تورک بێجگە لە تێکۆشانی چەکداری هیچ ڕێگەیەکی تری بۆ گەلەکەمان نەهێشتۆتەوە لەپێناو مافە ڕەواکانمان".
پیک بانگەواز لە گەلی کورد دەکات بەرامبەر ئەم ناهەقییە هەڵوێست نیشان بدەن، هەروەها بڕیارەکە شەرمەزار دەکات و ڕایدەگەیەنێت بە ڕۆحێکی نەتەوەییەوە پشتگیری سیاسەتمەدارانی زیندانیکراو دەبن.