پژاک لە ساڵیادی تیرۆر کردنی دوو وڵاتپارێز ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

بە بۆنەی پێنجەمین ساڵیادی تیرۆر کردنی کەمال پێنجوێنی و سدیق ساڵیاوایی، مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ئەم دوو شەهیدەی بەبیر هێنایەوە و بەڵێنی بەردەوامی خەبات دەکات تا نەهێشتنی تیرۆر و داگیرکاری لەسەر کوردستان.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کورستان(پژاک)، لە پێنجەمین ساڵێادی تیرۆر کردنی دوو وڵاتپارێزی کورد لە پێنجوێن بە ناوەکانی کەمال شێخ سادە و سدیق ساڵیاوایی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

پژاک لە  راگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: لە رێکەوتی ٢٠١٦/٤/١٣ جارێکیتر رووی تیروریست و دژە کوردی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران خۆی نواند و لە ناوچەی پێنجوێن لە باشووری کوردستان، دوو تێکۆشەر و وڵاتپارێزی باشووری کوردستانی بەناوەکانی کەماڵ شێخ سادە و وستا سدیق ساڵیاوای بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کردە ئارمانجی کردەوەی ترۆریستی خۆی و لە ئاکامدا هەردوو تێکۆشەر شەهید بوون.

لەسەر پێشینەی خەبات و تێکۆشانی شەهید کەمال ، پژاک وەبیری خستووەتەوە “هەڤاڵ کەماڵ کە یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی پارتەکەمان بوو، خاوەن مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و تێکۆشان بوو و هەر لە تەمەنی لاویەتی بەشداری تێکۆشانی پێشمەرگایەتی باشووری کوردستان ببوو و لە تێکۆشانی پێشمەرگایەتی خۆیدا لە مەڕ پاکی و دروستی و بەورەبوون لە خەباتدا، بەردەوام لە سەر زمانان بوو، شەهید کەمال وەک تێکۆشەرێک، هیچکات خۆی بە بەرژەوەندی تەسک و چەقبەستووی حزبی نەبەستبووە و ئارمانجی تەنیا بەرژەوەندی گەلی کورد بوو، هەربۆیە لەگەڵ ئەوەی کە لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان خاوەن پێگە و دەرفەت بوو، کاتێک تەڤگەری ئاپۆیی ناسی بێ بەرچاوگرتنی هیچ چەشنە بەرژەوەندیەکی تاکەکەسی و بنەماڵەیی و بگرە بە بەرچاوگرتنی لەدەستدانی هەندێ دەرفەت، پەیوەست بوو بە تەڤگەری ئاپۆیی و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاکەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەی پژاکدا هاتووە: شەهید کەمال لەبەر ئەوەی دڵنیا ببووە کە ئەوڕۆ تەنیا تەڤگەرێک بەشێوەیەکی خاوێن و فەداکارانە بۆ کورد و کوردستان تێکۆشان دەکات و هاوکات بۆ داهاتووی کوردستان خاوەن پرۆژەیە، ئەم بڕیارە تێکۆشەرانەی دا،هەر لەو چوارچێوەدا خۆی و بنەماڵەکەی بە ئەو پەڕی تواناوە کار و خەباتیان بەڕێوە دەبرد و دەرگای ماڵی هەڤاڵ کەماڵ بەردەوام بۆ هەموو تێکۆشەرانی کورد بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان  بەتایبەتی، کراوە بوو، بۆیە ئەمە بووە هۆی تووڕەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران کە پەنا بباتە بەر کردەوەی نامرۆڤانە.

لە کۆتاییدا مەجلیسی پژاک ڕایگەیاندووە: هاوکات شەهید وەستا سدیق ساڵیاوایی وەک وڵاتپارێزێک بەردەوام لە پاڵ شەهید کەمالدا لە بەڕێوەبردنی ئەرکی وڵاتپارێزیدا تێکۆشانی دەکرد. هەر بۆیە جارێکیتر لە پێنجەمین ساڵوەگەڕی هەر دوو هەڤاڵی شەهید کەمال شێخ سادە و وەستا سدیق ساڵیاوادا یادیان بەرز رادەگرین و هاوکات هەموو کردەوە دژەکورد و ترۆریستیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران شەرمەزار دەکەین و بە تێکۆشانی بەردەواممان تا کۆتایی‌هێنان بە تیرۆر و داگیرکاری لە سەر کوردستان تێدەکۆشین.

ک-ش