ساڵح نیکبەخت: پرۆسەی پێداچوونەوە بە دۆسیەی حاتەم ئۆزدەمیر بێلایەنانە نەبووە

حاتەم ئۆزدەمیر گەریلای هەپەگە کە پێشتر سزای لەسێدارەدانەکەی لەلایەن دیوانی باڵای دادی ئێرانەوە هەڵوەشابووەوە، جارێکی دیکە لەلایەن لقی سێی دادگای ورمێوە ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوەتەوە و پارێزەرەکەشی دەڵێت، پرۆسەکە بێلایەنانە نەبووە.

ساڵح نیکبەخت پارێزەری حاتەم ئۆزدەمیر گەریلای هەپەگە کە لە تەمووزی ٢٠١٩ەوە لە ئێران دەستبەسەرە، بە ماڵپەڕی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی راگەیاندووە، دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانیە سیاسیە لەلایەن دیوانی باڵا و گەڕاندنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای شۆڕش داواکرابوو کە سەرلەنوێ شانۆی شوێنی دەستگیرکردنەکە دروستبکرێتەوە و جارێکی دیکە وتەی شایەتحاڵان وەربگیرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، کە بەپێچەوانەی رێکارە یاساییەکان، پارێزەران ئامادەی قۆناغەکانی سەرلەنوێ لێکۆڵینەوە نەبوون، هەروەها  دوو شایەتە سەرەکیەکە کە لە شوێنی رووداوەکە بوون، وتەیان وەرنەگیراوەتەوە و لە بری ئەوان وتەی چوار بۆ پێنج کەس وەرگیراوە کە لە کاتی رووداوەکەدا لەوێ نەبوون و قسەکانیان پڕە لە دژیەکی و وتەی ناتەبا کە یەکناگرنەوە.

ساڵح نیکبەخت بەبیریهێنایەوە کە دوو شایەتە سەرەکیەکە کە لە کاتی رووداوەکەدا لەوێبوون، باسیان لەوەکردبوو، کە دوای ئەوەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە هێڵی سفری سنووری هێرشیان کردووەتە سەر تیمێکی گەریلاکان، بە هۆی هاوەنەوە حاتەم ئۆزدەمیر بێهۆش بووە و بەشداری شەڕ لە دژی سوپای پاسداران نەبووە و پشکنینی چەکەکەشی ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە، کە هیچ فیشەکێکی بەرەو سوپای پاسداران نەتەقاندووە.

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو پشکنەرەیە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە لە رووداوی دەستگیرکردنی حاتەم ئۆزدەمیر دەستنیشان کراوە، پێشتر چەندین جار بە هۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکانی و هەبوونی چەندین کێشەی یاسایی لە لێکۆڵینەوەکانی، چەندین جار لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە و سەرنجڕاکێشانی یاسایی بۆ دەرچووە.

نیکبەخت رای داواکاری گشتیی ئێرانیشی بە بیرهێنایەوە کە رایگەیاندبوو، تۆمەتی یاخیبوونی چەکداری بەسەر ئۆزدەمیردا ساغ ناکرێتەوە و رایگەیاند، سەرباری هەموو ئەمانە بە هۆی لێکۆڵینەوەیەکی نادادپەروەرانە و پڕ کەموکورتی یاسایی، سەرلەنوێ دادگای شۆڕش لە ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو زیندانیە سیاسیە کوردەدا سەپاندووەتەوە و جەختی کردەوە، "بە داخەوە دۆسیەکە رادەستی کەسێک کراوە کە بێلایەن نییە".

پارێزەر ساڵح نیکبەخت لەکۆتاییدا گەشبینی خۆی نیشانداوە بەوە کە ئەگەر جارێکی دیکە دۆسیەکە رەوانەی دیوانی باڵا بکرێتەوە، جارێکی دیکە سزاکە هەڵدەوەشێنێتەوە، چونکە هیچ شتێک نەگۆڕاوە، ئەوەی هەیە و گۆڕاوە دژ یەکی لە وتەکانی شایەتحاڵەکانە.

هـ . ب