شاندێکی تەڤگەری ئازادی لەگەڵ عەمار حەکیم کۆبویەوە

شاندێکی تەڤگەری ئازادی لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆلای لایەنە سیاسییە کاریگەرەکانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ عەمار حەکیم کۆبوونەوە.

شاندێکی تەڤگەری ئازادی بەسەرۆکایەتی محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆکی ئەو تەڤگەرە، لەگەڵ هەریەک لە ڕووناک مەجید، نەریمان ئەحمەد ئەندامانی دەستەی هاوسەرۆکایەتی و یوسرا ڕەجەب ئەندام پەرلەمانی عێراقی تەڤگەری ئازادی ماوەی سێ ڕۆژە لە بەغدا کۆبوونەوە لەگەڵ لاینە سیاسییەکانی عێراق ئەنجام دەدەن.

دوای ئەوەی شاندەکەی تەڤگەری ئازادی ١١-ی ئەم مانگە لەلایەن نوری مالیکی سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا  و سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق پێشوازیان لێکراو کۆبونەوە، رۆژی ١٣ی شوبات لەگەڵ عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.

شاندەکەی تەڤگەری ئازادی لەبارەگای تایبەتی عەمار حەکیم لە بەغداد پێشوازیان لێکرا و لە دانوستانێکی دۆستانەدا گفت و گۆی چڕیان کرد.

لەبارەی کۆبونەوەکەیانەوە نەریمان ئەحمەد ئەندامی شاندەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: لە کۆبونەوەکانماندا لەگەڵ سەماحەتی عەمار حەکیم باسمان لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندی و ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرد و تیشکمان خستە سەر ڕێگا چارەسەرەکان.

ئەو ئەندامەی شاندەکەی تەڤگەری ئازادی راشیگەیاند: بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و دروستکردنی پەیوەندییەکی بە‌هێز و هەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هەر دوو هێزدا چ پەیوەندی سیاسی بێت یاخود هەڵبژاردنەکان.

ئەوەشی ڕاگەیاند، بەشێکی تری کۆبوونەوەکەیان تایبەت بووە بە دەستدرێژی و هێرش و دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ ناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها هەردوولا ئیدانەی هەماهەنگی و هاوکارییە ئاشکراکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یان کرد لەگەڵ تورکیا.

نەریمان ئەحمەد ئەوەشی ڕاگەیاند، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەیان تایبەت بوو بە گفتووگۆ لەسەر ڕەواندنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد و گفتوگۆیان لەسەر چارەسەری دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان کردووە.

ئەندامەکەی شاندی تەڤگەر وتیشی: "بۆچارەسەری هەموو کێشەکان هەردوولا پێانوابوو، کە دەستور دەتوانێت ببێتە وەڵام بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک  لە کێشەکان، هاوکات هەردوولا  دڵخۆش بوون بەو جۆرە پەیوەندی و کۆبوونەوانە و بەڵینیاندا درێژە بە پەیوەندییەکانیان بدەن".

ژ.ت