شەبنەم کۆرو فینانجی: زیندانەکان بوونەتە ناوەندی ئەشکەنجەدان

سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورک شەبنەم کۆرو فینانجی زیندانەکانی جۆری نوێی وەک "جۆری چاڵ" وەسفکرد و گوتی: "زیندانەکان بوونەتە ناوەندی ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافەکان".

کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) و وەقفی مافەکانی مرۆڤی تورکیا و یەکێتی پزیشکانی تورک بە ناونیشانی "زیندانەکانی جۆری چاڵ"، لە ناوەندی گشتی ئیهەدە چالاکیان ئەنجامدا. هاوسەرۆکی گشتی ئیهەدە حوسەین کوچوکبلابان، سەرۆکی وەقفی مافەکانی مرۆڤی تورکیا مەتین باکالچی، سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورک شەبنەم کۆرو فینانجی و چەندەها کەس ئامادەبوون.

شەبنەم کۆرو فینانجی ڕایگەیاند تا دێت کێشەی زیندانەکان زیاتر دەبن و زیندانەکان بوونەتە ناوەندی ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافەکان، زیندەکان گۆڕاون بۆ چاڵ، هەموو مافەکان دەستبەسەرکراون، هەموو شتێک و هەموو چالاکییەک قەدەغەدەکرێت، بۆ نموونە، قەدەغەکردنی چالاکی ١ ی ئایار.

فینانجی تیشکی خستەسەر چالاکی مانگرتن لە خواردنی زیندان، جۆری نوێی زیندانەکانی وەک جۆری چاڵ پێناسە کرد و ڕایگەیاند گۆشەگیری نێو زیندانەکان لە هەموو جڤاکدا بڵاوبووەتەوە، گوتی: "ژمارەی زیندانەکان تا دێت زیاتر دەبن. وەزارەتی داد لە ساڵی ٢٠٢٤ دروستکردنی ١٢ زیندانی ڕاگەیاندووە. دەیانەوێت لەنێو دەستبەسەرییەکی مەزندا بمانهێڵنەوە".