سەنگاوی: پەکەکە گەلە و دەبێت لە "لیستی تیرۆر" دەربهێنرێت

فەرهاد سەنگاوی دەڵێت، پەکەکە گەلە و بۆ مرۆڤایەتی تێکۆشان دەکات و دەبێت لە "لیستی تیرۆر" دەربهێنرێت.

فەرهاد سەنگاوی  کەسایەتیی سیاسیی دیاری باشوری کوردستان دەربارەی دەرهێنای پەکەکە لە لیستی تیرۆری نێونەتەوەیی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و نرخاندی گرینگی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر کیشەی کورد بەرەو چارەسەری دەبات و پێشی دەخات.

سەنگاوی لەسەرەتای قسەکانیدا سوپاسی گەلانی  ئەورپا و ئەمریکای کرد، کە هەمیشە پشتیوانی گەلی کوردبوون و وتی: "لای ئەوان مافی مرۆڤ و ئازادی گەشەی کردوە، بۆیە سەرەتا ئێمە ڕوومان دەکەینە گەلان، دواتر ڕوو دەکەینە حکومەتەکان و سوپاسی ئەوانیش دەکەین، کە ئێستا پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان و باشوری کوردستان دەکەن, لە ناو ئەوانیشدا دۆستانی وەک مایکڵ ڕۆبن و کەپڵان بوونیان هەیە، بەو هیوایەین لەو جۆرە کەسایتییانە زیاتر بن و گوشار بکەنە سەر حکومەت و وڵاتەکانیان دەربارەی دۆزی کورد کاری زیاتر بۆ گەلی کورد بکەن."

سەنگاوی سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی، کە پنتاگۆن، سی ئای ئای، ئیف بی ئای، لە هەموو کەس باشتر دەزانن، کە پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆریستی نییە و وتیشی :"بەڵام لە بەر خاتری تورکیا تا ئێستا ئەو کارە نا ڕەواییان قەبووڵکردوە، کە پەکەکە و حیزبە کوردییەکان بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، ئەوەش تاوانێکی گەورە و هەڵەیە، ئێمە کاتێک داکۆکی لەوە دەکەین پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت لە خۆڕا نییە، بەڵکوو ئەگەر پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەر بهێنرێت ڕێگە چارەسەی پرسی کورد باشتر دەستپێدەکات."

پەکەکە لە پێناو مرۆڤایەتی تێکۆشان دەکات

لە درێژەی قسەکانی دا ئاماژی بەوە کرد:" بەڕێز جۆ بایدن لە هەموو کەس باشتر دەزانێت، کە پەکەکە تیرۆریست نییە، بۆچی؟ چونکە پەکەکە پرۆژەیەکی مرۆیی و نیشتمانیی هەیە، پەکەکە بە دوای پارەدا ناگەڕێت، پەکەکە بە دوای تریاکدا ناگەڕێت، پەکەکە بە دوای جاشایەتیی نێودەوڵەتیدا ناگەڕێت، بەڵکو پەکەکە داکۆکی لە نەتەوەیەک دەکات، کە ژمارەیان بە سەدان ملیۆن مرۆڤە و داوای ماف و ئازادییەکانی گەلێک دەکات".

پەکەکە خاکی هیچ وڵاتێکی داگیر نەکردوە

ئەو سیاستمەدارە سەرنجی ڕکێشایە سەر ئەوەی، کە پەکەکە نەچووە لەسەر خاکی وڵاتی تورکیا دانیشێت. خاکی هیچ وڵاتێکیشی داگیر نەکردوە و ئەوەشی وت: "بەڵکوو بە پێچەوانەوە پڕۆفیسۆر جەلال شەنگول، کە پرۆفیسۆرێکی تورکە دەڵێت، لە ناو وڵاتی تورکیا ڕێژەی تورک لە ٧٪ ،  ناکرێت ئەو ڕێژەیە زمانەکەی بسەپێنێت بەسەر لە ٩٣٪ ، لە سەدا ٩٣ی خەڵکی تورکیا تورک نین. ئەو خەڵکانە دەیانەوێت بە زمانی خۆیان قسە بکەن، داموودەزگای خۆیان هەبێت، مافی چارەی خۆنووسیی خۆیان هەبێت و خۆیان بەڕێوبەرن، بۆیە دەبێت بۆ ئەوە داموو دەزگا نێو دەوڵەتییەکانی لێ بە دەنگ بهێنرێت."

تورکیا کار بۆ ئەوە دەکات گەلانی پان تورک دروستبکات

فەرهاد سەنگاوی دەربارەی هەمان پرس سەرنجی ڕاکێشایە سەر چەند نموونەیەک و وتی: "ئەگەر پەکەکەش تیرۆرست بێت، کە وانییە، بەڵام خۆ یەشار کەماڵ، یەڵماز گۆنای و ئەحمەد کایە تیرۆرست نەبوون، بۆچی حکومەتی تورکیا دەیکوشتن و دەریدەکردن؟ ئەمریکا و ئەوروپا زۆر باش دەزانن کە تورکیا چیدەکات لە لیبیا، لە ئەرمینیا، لە ڕۆژئاوای کوردستان و باشوری کوردستان، کاری چیە؟ کاری چیە بەسەر نەتەوەکانی کۆنی سۆڤێت، کە دەیەوێت گەلانی پان تورک درووستبکات، لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە کێشە و مافە ڕەواکانمان لە گەلان و کەسانی خاوەن فکر و ڕۆشنبیری ئەوروپا و ئەمریکا بگەیەنین، کە پەکەکە تیرۆریست نییە و تیرۆریست نابێت، چونکە کێشەیەکی ڕەوای هەیە و  خاوەن دۆزێکی مرۆییە، بۆیە کاتی ئەوە هاتەوە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەر بهێنرێت."

شەرمە بۆ ناتۆ، کە هێزێکی ناتۆ بە ئایەتی فەتح کورد کۆمەڵکوژ دەکات

سەنگاوی سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو ڕێبازانە، کە تورکیا لە دژی گەلی کورد بەکاری دەهێنێت و وتی: "تورکیا بە سێ چەک لێمان دەدات، چەکێکیان فاشیزمی دینییە، کە ئیخوانییە و بە ئایەتی فەتح هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد، ئەوەش شەرمە بۆ  ناتۆ کە هێزێکی ناتۆ لە حەفتا هەزار مزگەوتەوە بەو ئایەتەوە فتوای کۆمەڵکوژی گەلی کورد دەدەن، هاوکات تورکیا بە چەکی نەتەوەیی و فاشیزم و نەتەوەی سەردەست هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد،  تورکیا بە چەک و جبەخانەی ناتۆ هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد."

تورکیا تیرۆری دەوڵەتی ئەنجام دەدات

 تورکیا تا ئێستا پشتگیری داعش دەکات سەدان بەڵگە هەیە، کە تورکیا تیرۆری دەوڵەتی ئەنجام دەدات، وەک دەوڵەت پشتیوانی لە داعش دەکات، هەموو ئەو تی ئێن تی-یانەی کە داعش دەیان تەقێنێتەوە هەمووی دوو رۆژ پێش ئەوە لە کارگە و فاریکەکانی تورکیا دەرچوونە، خەلیفەی داعش  لە بن دەستی تورکیا خۆی شاردبوویەوە و هەر لەوێش کوژرا، هیچ گومانیش لەوەدا نییە، کە داعشەکانی چیای قەرچوغ  سەر بە تورکیان و ئەوانە هەمووی ڕوونە، بەڵام کەی ئەمریکا و ئەوروپا بە تورکیا دەڵین تیرۆست و ئەو کاتەی بەرژەوندیەکانیان لەگەڵ تورکیا کۆتای پێدێت.

پەکەکە موڵکی گەلە

لە درێژەی نرخاندەکانی دا سەنگاوی ئاماژەی بەوەکرد، حیزبە کوردییەکان بە تەنها موڵكی هێچ شەخسێک، یان کۆمەڵێک شەخس نین، بۆ نموونە یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان تەنها هی مام جەلال نەبوو، بەڵکوو موڵكی هەموو گەلی کوردە، بەهەمان شێوە پەکەکە-ش تەنها موڵكی ڕێبەرانی ئەو حیزبە، یان هی  ڕێبەر ئاپۆ، یان شەخسێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو هی هەموو گەلی کورد و کوردستان، وتیشی: "دەبێت هەموو کورد خاونداری لەو حیزبە بکەن. هەموومان کار بۆ ئەوە بکەین حیزبەکەمان بپارێزین و خاوەنداری لێبکەن تا لە لیستی تیرۆر دەری دەهێنین و دەگەینە سەرکەوتن."

 سەنگاو لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر دەربارەی پرسی کورد و دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی دوو نامەی ئاڕاستەی سەرۆکانی ئەمریکا کردوە و بەو شیوەیە باسی نامەکانی خۆیکرد: "من دەربارەی دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تێرۆر پێشتر دوو نامەم بۆ سەرۆکانی ئەمریکا بەڕیزان  ترامپ و جۆبایدن ناردوە، ڕوونکردەوماندا دەربارەی دۆخی کورد و داوام لێکردن چاو بە کێشەی کورد دا بخشێننەوە و چاویان لەسەر تیرۆری دەوڵەتی بێت."

سەنگاوی دەڵێت، ئەوانەی لە باشوری کوردستان پشتگیری تیرۆر دەکەن خۆیان زەرد دەکەن، لە وڵامی پرسی ئەوەی مەبەستی کێیە لەوەی تێرۆر دەکات  و پشتگیریی تیرۆر دەکات لە باشوری کوردستان، وتی: "داعشە، تورکیایە،  ئەوانەی دەمی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دادەخەن تیرۆریستن، ئەوانەی ڕۆژنامەوانەکان دەکەنە ناو زیندان، تیرۆرن، ئەوەی لە قەرەچوغ کەبابی گەرم و کارەبای نیشتمانی دەداتە داعش تیرۆرە، ئەوەی گەنجەکان دەگرێت لە بادینان بە قسەی ئەردۆغان، تیرۆرە، تیرۆر بەس کوشتن و درۆن نییە بەڵکو تیرۆر ڕەنگ و ڕوی زۆرە."

فەرهاد سەنگاوی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "دەبێت ئێمە هەموومان پشتیوانی لەوە بکەین، کە پەکەکە و ئاپۆ لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێن، کاتەکان نزیک دەبنەوە لەوەی ئەفسانەی ئیخوانی و تورکیا تێک بچن. نزیک دەبینەوە لەوەی ئەردۆغان و ئاکەپەی ئەردغان تێک بشکێت، گومان لەوەدا نییە، کە چوار پارچەی کوردستان ئازاد دەبێت، ئەمڕۆ بێت یاخود سبەی،  بۆیە دەبێت ڕۆشنبیران، ئەدیبان و سیاسییەکانی کورد هەڵوێستیان هەبێت، چونکە هەتا هەڵویستمان نەبێت و دەنگ بەرز نەکەینەوە کەس حیسابمان بۆ ناکات."

ژ.ت