سەرۆکی پێشووی سی پی تی: پێویستە هەوڵ بدرێت لەپێناو عەبدوڵا ئۆجالان

سەرۆکی پێشووی سی پی تی ماورۆ پاڵما تیشکی خستەسەر هەلومەرجی گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بانگەواز لە دامەزراوەکانی ئەوروپا کرد ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەنە ڕۆژەڤی خۆیان و دەمودەست ئەم پرسە کۆنتڕۆڵ بکەن.

نامە بۆ سی پی تی

خەمساردی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوروپا (سی پی تی) بەرامبەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بووە مایەی ناڕەزایەتی سەرۆکی پێشووی هەمان دامەزراوە، ماورۆ پاڵما.

پاڵما نامەیەکی بۆ سی پی تی نارد، داوای لە دامەزراوەکانی چاودێری ئەوروپا کرد ئەو پێوەرانەی بۆ هەمووان بەرکارن دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش جێبەجێ بکرێن، دەبێت ڕێگەیەک بدۆزنەوە و ڕووبکەنە ئیمراڵی.

پاڵما لە نامەکەدا ڕایگەیاندووە، ئەگەر مافی هیوا لە سزای هەتاهەتاییدا نەبێت، بڕوای وا نییە، ئەم سزایە ڕێز لە مرۆڤایەتی بگرێت و ڕایگەیاندووە کە ئەم بۆچوونە بە پێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپایە. پاڵما ئاماژەی بەوەشکردووە، سی پی تی ئەو پێوەرە پەسەند دەکات کە هەموو سزایەک دەبێت چانسی تێکەڵبوونەوە بە جڤاکی تێدابێت و لە نامەکەیدا سەرنجی خسۆتەسەر کارەکانی گۆشەگیری.

پاڵما ئەوە بەبیر دەهێنێتەوە کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی لەژێر گۆشەگیرییەکی تونددایە و دووپاتی دەکاتەوە، ئەو پێوەرانەی هەمووان دەگرێتەوە، پێویستە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش بگرێتەوە، پێویستە دامەزراوەکانی چاودێری ئەوروپا ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەنە ڕۆژەڤی خۆیان و دەمودەست ئەم پرسە کۆنتڕۆڵ بکەن.

ماورۆ پاڵما لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠١١ سەرۆکایەتی سی پی تی کرد، بەشداربوو لەو شاندانەی سەردانی ئیمراڵیان کردووە.

ئێستە پاڵما سەرۆکی ناوەندی زیندانەکانی ئەوروپایە لە زانکۆی ترێی ڕۆما. هاوکات ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئینستیوتی لێکۆڵینەوەی فەلسەفیی ئیتاڵیایە.