سیاسەتمەدارانی هەرێمی باسک: ئازادی بۆ ئۆجالان!

سیاسەتمەدارانی هەرێمی باسک لەچوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' پەیامیان بڵاوکردەوە و وتییان: "ئۆجالان پەیامبەری ئاشتییە. بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ تێکۆشانی ئازادییانی ئۆجالانداین."

هەڵمەتی نێونەتەوەیی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بەردەوامە و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لێدەکرێت. پەیوەست بەو هەڵمەتە پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەربەخۆی ئی ئێج بیلدوو (Eh Bildu ) کە یەکێکە لە پارتە کاریگەرەکانی وڵاتی باسک بە پەیامی ڤیدۆیی بەشداری خۆیان بۆ کامپینەکە دەربڕی.

لگۆر زولایکا پەرلەمانتاری Eh Bildu  لە پەیامەکەیدا سەرنجی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی و بەدۆخی دژی بە مافەکانی مرۆڤ وەسفیکرد وتی: "لێرەوە پشتیوانی خۆمان بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەردەبڕین چونکە ئەو پەیامبەری ئاشتییە. دوپاتیدەکەینەوە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵیداین. دەبێت هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد ببێت، بۆیە لێرەوە دەڵێین ئازادی بۆ ئۆجالان."

'لەگەڵ تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردداین'

ئۆیهنا لەگراندی پەرلەمانتاری هەمان پارت لە پەیامێکی ڤیدۆییدا پشتیوانی خۆی و حیزبەکەی بۆ تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دەربڕی و دەڵێت: "ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانمان دەوێت، بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردداین. ئازادی بۆ ئۆجالان."

دیاز: بۆ چارەسەری پرسەکان پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت

سیناتۆر و سیاسەتمەداری هەرێمی باسک  و هاوکات وتەبێژی پارتی Eh Bildu  گۆرکا دیاز ئاماژەی بەوەدا مافە یاساییەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەیەکی جدی پێشێل دەکرێ و وتی: "بڕیارەکانی کۆنسەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە دادگایکردنەکاندا بێ لایەن نەبوو. بۆیە جارێکی دیکە ڕایدەگەیەنین لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان و گەلی کوردداین. هەم بە هۆکاری مرۆی و هەمیش لەبەر پشتیوانیکردن لە چارەسەری سیاسی پرسەکانی کورد داوادەکەین عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.

سیناتۆر دیاز بە درووشمی "ئازاد بۆ ئۆجالان، بژی کوردستان" کۆتایی بە پەیامەکەی هێنا.