بە دیمەن

تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دژی یاسا و مرۆڤایەتی شەرمەزارکرا

لە ستراسبۆرگ گۆشەگیری ئیمراڵی و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە دژی گەریلاکانی ئازادی و دەستبەسەراگرتنی ئیرادە شەرمەزارکرا و گوترا: "پێویستە هەر کەس دژی تاوانەکانی قڕکردنی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە".

لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا گۆشەگیری ئیمراڵی و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە دژی گەریلاکانی ئازادی و دەستبەسەراگرتنی ئیرادە شەرمەزارکرا.

لە چالاکییەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پانکارت و درووشمەکان بەرزکرانەوە.

هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی کوردی ستراسبۆرگ سیدار ئامێدی ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک تاوانی زۆری دژی گەلی کورد و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامداوە، چەکی ئەتۆمی تاکتیکی و کیمیایی کە قەدەغەکراون دژی گەریلا بەکاردەهێنێت، بێدەنگی وڵاتانی بەرامبەر ئەم تاوانانە شەرمەزار کرد و گوتی: "بەڵام با هەموو کەسێک بزانێت گەلی کورد تا ئازادی ڕێبەرێتییەکەی لە هەموو جێیەک درێژە بە تێکۆشان دەدات. چونکە بێ ئازادی ڕێبەرێتی، ئازادی گەلی کوردیش نامومکینە".

ئامێدی بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە چالاکییە جەماوەرییەکەی ٢٥ ی حوزەیران بۆ ساڵیادی ئێشکگری ئازادی لە ستراسبۆرگ.

هەر لە درێژەی چالاکییەکەدا گۆشەگیری ڕەهای ئیمراڵی و بێدەنگیی نێونەتەوەیی شەرمەزار کرا و گوترا: "لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا قڕکردن دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت. پێویستە هەموو کەسێک دژی ئەم تاوانە ڕاپەڕێت و دیموکراسی بپارێزێت".

هەر لە درێژەی چالاکییەکەدا هێرشی گرووپە فاشیستەکان بۆ سەر چالاکیی ئێشکگری ئازادی شەرمەزارکرا

چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشـم کۆتایی هات.