تەکین و سونجاک پاش ٣٠ ساڵ ئازادکران

خالیس تەکین پاش ٣٠ ساڵ و یەڵماز سونجاک پاش ٣١ ساڵ لە زیندان ئازادکران.

خالیس تەکین (٥٠ ساڵ) کە لە زیندانی ژمارە ١ ی ئاسایشی باڵای ئامەد زیندانی کراوە و ٣٠ ساڵ لە زیندان مایەوە، ئازادکرا. بنەماڵەی تەکین و بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی پشتگیری و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانی و حکومدراوان (توای دەر) لە بەردەم زیندان بە چەپڵە و هەلهەلە پێشوازیان لێ کرد. تەکین سڵاوی زیندانیانی گەیاند و دواتر لەگەڵ بنەماڵەکەی گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی لە ئامەد.

یەڵماز سونجاک (٥١ ساڵ) کە لە زیندانی جۆری T ی ژمارە ١ ی شاکرانی ئەزمیر زیندانی دەکرا، پاش ٣١ ساڵ سزاکەی کۆتایی هات و ئازادکرا. سونجاک لە ساڵی ١٩٩٣ لە ئەزمیر دەستبەسەر کرا، برایە مێردین و ٥٠ ڕۆژ ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی قورس بووییەوە. سونجاک بە تۆمەتی "تێکدانی یەکێتی و یەک پارچەیی دەوڵەت" سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا. پێش ١٠ ساڵ لە زیندانی کرکلار تووشی شێرپەنجەی غودە بوو، چەندین جار نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا.