تولای حاتەم ئۆغۆللاری: مێژوو ئەم وێنەیە لەیاد ناکات
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە جولەمێرگ لەڕێگەی سەربازەوە کودەتایان ئەنجامدا، مێژوو ئەم وێنەیە لەیاد ناکات".
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە جولەمێرگ لەڕێگەی سەربازەوە کودەتایان ئەنجامدا، مێژوو ئەم وێنەیە لەیاد ناکات".
هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان ڕۆژەڤەکانی نرخاند. ناڕەزایەتی توندی پیشاندا بەرامبەر قسەکانی سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی.
حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند لە کوردستان و سەرانسەری تورکیا، لە ٧ تا ٧٠ ساڵی بەرخۆدان دەکرێت دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە، هەمووان خاوەنداری لە ئیرادەی خەڵکی جولەمێرگ دەکەن، گوتی: "ئاکەپە هەمیشە خۆی وەک قوربانی دەستی کودەتاکان نیشان دەدات، هەردەم کودەتای ٢٨ ی شوباتی بە نموونە دەهێنایەوە. بەڵام هەمان دەسەڵات ئەمڕۆ سەرباز دەنێرێتە سەر شەقامەکان، ئەمە دیمەنەکەیە، ئەمە بەردەم پارێزگای جولەمێرگە. مێژوو ئەم وێنەیە لەیاد ناکات. دەڵێن ئێمە دژی کودەتای سەربازیین، بەڵام سەیرکەن، سەرباز لێرەن. بەمە سەربازەکانیان کردە هاوبەشی کودەتای سیاسی لە جولەمێرگ".
تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕەخنەی لە وتەکانی دەوڵەت باخچەلی گرت کە دانانی قەیوم بە یاسایی ناوبردووە، دووپاتی کردەوە دانانی قەیوم زیندەبەچاڵکردنی دیموکراسییە لە تورکیا، داوای لە هێزە دیموکراسی و ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا کرد دژی دانانی قەیوم بوەستنەوە و دیموکراسی بپارێزن، گوتی: "دەزانین ئەگەر زیاتر بگرین، دەتوانین سەربکەوین و پاشەکشە بە فاشیزم بکەین".
هەروەها دووپاتی کردەوە دەسەڵاتی ئاکەپە و هاوبەشەکانی ئەمڕۆ فرمێسکی درۆیینە بۆ غەززە دەڕێژن، کەچی هەمان ستەم لە جولەمێرگ دەکەن، گوتی: "جولەمێرگیش غەززەیە، گەلی فەڵەستین چۆن دژی ستەمی ئیسرائیل بەرخۆدان دەکات، خەڵکی جولەمێرگ و هەموو گەلانی تورکیاش بەرخۆدان دەکەن".
حاتەم ئۆغۆللاری جەختی کردەوە دانانی قەیوم گەڕانەوەیە بۆ سەدەی هەژدەهەم، بۆ سەردەمی پاشایەتی، دووپاتی کردەوە ئەمە زیهنیەتی فیرعەون و زوحاک و هیتلەرە، ستەمکاران هەرگیز چارەنووسیان باش نابێت، گوتی: "لەم دنیایە گەلێک پاشا و زوحاک و فیرعەون بەرامبەر مرۆڤایەتی شکستیان هێنا. ئێوە مەحکومن بە شکست".
هەروەها لە کۆتاییدا جەختی کردەوە تێکۆشانی دژی دانانی قەیوم بەردەوام و مەزنتر دەبێت.