وتەبێژی جەهەپە: قەیوم پرۆژەی ئاکەپەیە بۆ دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان

وتەبێژی جەهەپە دەنیز یوجەل ڕایگەیاند کە ئاکەپە پاش ئەوەی نەیتوانی بە ڕێگەی دیموکراسی شارەوانییەکان بەدەست بهێنێت، لەڕێگەی قەیومەوە دەستی بەسەردا گرتووە، گوتی: "ئەو شتانەی دەکرێن ڕەنگە بەگوێرەی یاسا بن، بەڵام کام یاسا؟ یاسای کودەتایە".

دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەل لە جولەمێرگ

پاش کۆبوونەوەی مەجلیسی جەهەپە لەسەر ڕۆژەڤە گەرمەکان، وتەبێژی جەهەپە دەنیز یوجەل کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بەست، یوجەل ڕایگەیاند دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ دژی دەستوور و دیموکراسییە، دووپاتی کردەوە، هەڵبژاردنەکانی ٣١ ی ئادار پەیامی گرنگی دایە ئاکەپە، بەڵام وەها دەردەکەوێت لە پەیامەکان تێ نەگەیشتوون، گوتی: "ئیرادەی گەلی جولەمێرگ دەستبەسەرکراوە، ئەو شتانەی دەکرێن ڕەنگە بەگوێرەی یاسا بن، بەڵام کام یاسا؟ یاسای کودەتایە. یاسای کام سەردەمە؟ یاسای سەردەمی ڕەوشی ئاوارتەیە".

هەر لە درێژەی قسەکانی گوتی: "دانانی قەیوم پرۆژەی ئاکەپەیە بۆ دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان".

یوجەل داوای کرد هەموو پارتەکان پێکەوە کاربکەن بۆ گۆڕینی یاسای شارەوانییەکان کە بەرهەمی سەردەمی کودەتایە، تاوەکو ڕێگری بکرێت لە پرۆژەی دەستبەسەراگرتنی نادیموکراتیک.